ڕۆژنامەی "واڵستریت ژۆرناڵ" ڕایگەیاندووە کە بەرپرسانی ئەمریکا ئەگەری ئەوە دادەنێن کۆماری ئیسلامی بۆ بە ئامانجگرتنی بنکەی ئاسمانیی "موەفەق ئەلسەلتی" لە ئۆردۆن، سوودی لە پشتیوانیی هەواڵگریی چین یان ڕووسیە وەرگرتبێت.
ئەم ڕاپۆرتە دەڵێت ئەو مووشەکە بالستکییانەی ئێران کە ئەم بنکەی ئەمریکایان کردە ئامانج، لەوانەیە بە هاوکاریی هەواڵگریی ئەم دوو وڵاتە ئاڕاستە کرابێتن، هەرچەندە تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی ڕوون بۆ سەلماندنی ئەم ئیدیعایە نەخراوەتە ڕوو.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە هێرشەکەی سەر بنکەی "موەفەق ئەلسەلتی"دا دوو سەربازی ئەمریکا کوژران و چەند کەسێکی تریش بریندار بوون. فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا لە کاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکاندا کراونەتە ئامانج.
ئەم بنکەیە کە شوێنی جێگیربوونی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمریکایە، لە مانگەکانی ڕابردووشدا چەندین جار کراوەتە ئامانجی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی کۆماری ئیسلامی.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدا ڕوو دەدەن کە ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەمریکا و ئێران چووەتە قۆناغێکی نوێوە و ململانێکان لە ناوچەکەدا زیادیان کردووە.