دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا دوای کوژرانی دوو سەربازی وڵاتەکەی لە هێرشەکەی ئێران بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی "موەفەق ئەلسەلتی" لە ئۆردۆن، ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دژ بە تاران بە چڕی بەردەوام دەبن.
ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "نیویۆرک پۆست"دا داواکارییەکانی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان ڕەت کردەوە و جەختی کردەوە: "ئەم شەڕە پێویستە؛ ئەگەر ئێران ڕانەگرین، تەواوی ناوچەکە کێش دەکاتە ناو ململانێیەکی زۆر بەرفراوانتر."
ترامپ هەروەها وتیشی ئەو سەربازانە لەپێناو ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی گیانیان بەخشیوە.
هەندێک لە دێموکراتەکان، دەوڵەتی ترامپ بە بەرپرسیار لە پەرەسەندنی شەڕ و کوژرانی سەربازانی ئەمریکایی دەزانن، بەڵام دۆناڵد ترامپ ئەو ڕەخنانەی ڕەت کردنەوە و جەختی کردەوە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دژ بە تاران بە چڕی بەردەوام دەبن.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە ئەرتەشی ئەمریکا بۆ هەشتەمین شەوی لەسەریەک، هێرشەکانی بۆ سەر بنکە سەربازییەکان، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی و دامەزراوە مووشەکییەکانی ئێران دەست پێکردووە و فڕۆکە شەڕکەرەکانی جۆری F-16 و F-35ی زیاتری ڕەوانەی کەنداو کردووە.