لە درێژەی هێرشە دوژمنکارانەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ٨ پێشمەرگەی پارتی ئازادی کوردستان بریندار بوون.
پارتی ئازادی کوردستان ڕایگەیاند کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی پووشپەڕ، بارەگایەکی ئەو حیزبە لە چەمشار، نزیک دارەشەکران کراوەتە ئامانجی دڕۆنە بۆمبڕێژکراوەکانی ڕێژیمی ئێران و لە ئاکامی ئەو هێرشەدا ٨ پێشمەرگە بریندار بوون.
شایانی باسە کە لە درێژەی دەستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامی لە شەوی ڕابردوو و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، بە چەندین مووشەک و دڕۆن هێرش کرایە سەر هەرێمی کوردستان کە لەلایەن سیستەمی بەرگری هاوپەیمانانەوە بەرپەرچیان درایەوە.
هەر لەو پەیوەندییەدا، سەرلەبەیانی شەممە ٢٦ی پووشپەڕ، بارەگاکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە دەوروبەری زرگوێزەڵە کەوتە بەر هێرشێکی چڕی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران و بەداخەوە ٩ پێشمەرگەی کوردستان تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوون.