دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی، جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی "عیرفان ئێسفەندیاری" و "گوڵمحەممەد محەممەدی"، دوو لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری لە بەندیخانەی دەستگردی ئێسفەهان ڕاگەیاند.
ئەم دوو بەندکراوە پێشتر لە چوارچێوەی دۆسییەی ناسراو بە "مەیدانی عەلیخانی ئێسفەهان" دادگایی و بە سێدارە مەحکووم کرابوون.
هەواڵدەریی "میزان"ی سەر بە دەزگای دادی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە ئەم کەسانە لە ڕووداوەکانی ١٨ی بەفرانباردا تێوەگلاون، کە تێیدا چوار هێزی پۆلیس و یگان ویژە کوژران.
دەزگای دادوەریی ڕێژیم ئەو دوو کەسەی بە بەکارهێنانی چەک، تێکدانی موڵکی گشتی و شێواندنی تەرمی کوژراوەکان تۆمەتبار کردووە.
بەیانی شەممە ٢٧ی پووشپەڕ، ١٢ کەس لە تۆمەتبارانی دۆسییەی "مەیدانی عەلیخانی" بە شێوەیەکی توندوتیژانە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکانیان بۆ ژووری تاکەکەسی بەندیخانەی دەستگردی ئێسفەهان گواسترابوونەوە.
ئەم دۆسییەیە پەیوەستە بە خۆپیشاندانەکانی ١٨ی بەفرانبار لە ئێسفەهان کە تێیدا ڕێژیم ڕایانگەیاند چوار هێزی بەسیج و یگان ویژە کوژراون. دواتر ٥٩ کەس دەسبەسەرکران کە ١٢ کەسیان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا.