٩ حیزب و لایەنی سیاسی لە ڕۆژاوای کوردستان، هێرشەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و کەمپی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە توندی مەحکووم کرد.
دوێنی شەممە ٢٧ی پووشپەڕ، ئەو حیزب و لایەنە سیاسییانەی ڕۆژاوای کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند: "ئەم پێشهاتە سەربازییە تەنیا پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکوو تاوانی جەنگ دژ بە مرۆڤایەتییە و ئامانج لێی لەنێوبردنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردە".
ئەو ٩ حیزبە هەروەها داوایان لە حکوومەتی عێراق کردووە کە بێدەنگی بشکێنێت و بەرپرسیارێتییە دەستوورییەکانی بۆ پاراستنی ئاسمان و سنوورەکانی جێبەجێ بکات.
هەروەها حیزبەکانی ڕۆژاوا ڕوو لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایانگەیاندووە کە "داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکەن کە سیستمی بەرگری لە هەرێمی کوردستان جێگیر بکەن بۆ پاراستنی ئاسایی و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشانە".
ئەو ٩ حیزبەی ڕۆژاوا بریتیین لە: حیزبی گۆڕانی دێموکراتی کوردستان، حیزبی برایەتیی کوردستان، حیزبی شیوعیی کوردستان، بزووتنەوەی نوێبوونەوەی کوردستان، حیزبی تێکۆشانی کوردستان، حیزبی یەکێتیی ئەرمەنی، حیزبی لیبراڵی کوردستان، حیزبی چەپی کوردی لە سووریە و حیزبی پارێزگارانی کوردستان.
شایانی باسە سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی ٢٦ی پووشپەڕ، لە ماوەی یەک حەفتەی ڕابردوودا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە دەیان مووشەک و دڕۆن هێرشی کردە سەر شارەکانی هەرێمی کوردستان و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەهۆیەوە نۆ پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران شەهید بوون و دوو پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.