کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سکرتێری گشتیی شوڕای هاوکاریی کەنداو: هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئامانجە مەدەنییەکان تاوانی شەڕن

16:03 - 28 پووشپەڕ 2726

جاسم محەممەد ئەلبەدیوی، سکرتێری گشتیی شۆرای هاوکاریی وڵاتانی کەنداو، هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێرانی بۆ سەر بەحرەین، کوەیت و ئۆردۆن بە توندی مەحکووم کرد.

ئەلبەدیوی جەختی لەوە کردەوە کە بە ئامانجگرتنی ژێرخان و دامەزراوە مەدەنییەکان لەم وڵاتانەدا، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بە تەواوی وەک "تاوانی شەڕ" ئەژمار دەکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەڕانسە، ئەلبەدیوی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم کردەوانەی کۆماری ئیسلامی "زۆر مەترسیدارن" و پێشێلکارییەکی زەق و ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانن.

ناوبراو تیشکی خستە سەر ئەوەی کە هێرشی بەئەنقەست بۆ سەر بنکە و دامەزراوە مەدەنییەکان، پێویستی بە لێپرسینەوە و بەدواداچوونی نێودەوڵەتیی جیددی بۆ سزادانی بەرپرسانی ئەم هێرشانە هەیە.

سکرتێری گشتیی شۆرای هاوکاریی کەنداو لە کۆتاییدا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە چیتر لە بەرانبەر ئەم جۆرە هێرشانەدا بێدەنگ نەبن و هەڵوێستێکی ڕوون و یەکلاکەرەوەیان هەبێت؛ چونکە بەردەوامیی ئەم دۆخە ئەمنییەت و سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە دەخاتە ناو مەترسییەکی گەورەوە.