کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی جیددیی وەزیری نێوخۆیی ئاڵمان لەمەڕ ئەگەری هێرشی تێرۆریستی دژی ئەو وڵاتە

16:59 - 28 پووشپەڕ 2726

وزیری نێوخۆیی ئاڵمان ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی ئاستی هۆشداریی هەڕەشە تێرۆریستییەکانی گەیاندووەتە بەرزترین ئاست و ئەوەش بە واتای ئەوەیە کە ئەگەری کردەوەی تێرۆریستیی لەو وڵاتەدا لە بەرزترین ئاستی خۆیدایە.

ڕۆژی شەممە ٢٧ی پووشپەڕ ئەلێکساندێر دووبێریندێت، وزیری نێوخۆیی ئاڵمان لەبارەی مەترسیی هەوڵە تێرۆریستییەکان لەنێو خاکی وڵاتەکەی هۆشداریی جیددیی دا و ڕایگەیاند: "ناوەندە هەواڵگرییەکان نیشانەکانی پێوەندیدار بە جێبەجێکرانی کردەوە تێرۆریستییەکانیان شاناسایی کردووە".

دووبێریندێت باسی لەوەش کرد: "چوونەسەرەوەی ئاماری ڕاپۆرتی هەواڵگری و زانیاریی ئەمنییەتی لەمەڕ ئەگەری کردەوەی تێرۆریستی، ئاستی هەڕەشەی تێرۆریستیمان لە ئاساییەوە بەرەو هەڕەشەی جیددیی بەرز کردووەتەوە".

نابراو ڕاشیگەیاند کە "ئەو ئاستە بەو واتایە کە هەر ساتێکدا ئەگەری کردەوەی تێرۆریستی بوونی هەیە".

ئەو هۆشدارییە لە ئاستێکدایە کە دەوڵەتی فرێدریش مێرتس، سەرۆکی باڵای ئاڵمان لە هەوڵی ئامادەکاریی گەڵاڵەیەکە هەتا دەسەڵاتەکانی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەو وڵاتە بەربڵاوتر و زیاتر بکات.

شایانی باسە وتەبێژی وەزارەتی نێوخۆیی ئاڵمان ڕۆژی شەممە ١ی خاکەلێوەی ئەمساڵ لەبارەی هەڕەشە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە هۆشداریی دا.

ئەو بەرپرسەی ئاڵمان ئاماژەی بە کردەوەی تێرۆریستیی بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەدژی جیابیران و دژبەرەکانی خۆی لەو وڵاتە کردبوو.

هەر لەو پێوەندییەدا، دوکتور سادق شەرەفکەندی سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هاوکات لەگەڵ دوو هاوڕێی دیکەی هۆمایوون ئەردەڵان، نوێنەری حیزب لە وڵاتی ئاڵمان و نووری دێهکوردی، دۆستی حیزب لە چێشتخانەیەک بە ناوی "میکۆنووس" لە بێرلینی پێتەختی ئاڵمان لەلایەن تێرۆریستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە تێرۆر کران.

دوای تێرۆرکردنی ڕێبەری پێشووی حیزبی دێموکرات، دەسەڵاتدارانی تاران هەوڵەکانی خۆیان بۆ ڕاگرتنی پڕۆسەی دادوەریی دۆسییەکە خستە گەڕ و سەدان بەڵگەی ساختەیان ڕادەستی دادگا کرد، بەڵام ناسەرکەوتوو بوون و لە کۆتاییدا دادستانیی فێدڕاڵی ئەوکاتی ئاڵمان لە ڕێکەوتی ٢١ی خاکەلێوەی ١٣٧٦ی هەتاوی بۆ یەکەمین جار دادگایەکی نێودەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە "تێرۆریزمی دەوڵەتی" مەحکووم کرد.