ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی کاک خاڵەند ئەلیاسی کەسایەتی حیزبدۆست و نیشتمانپەروەری ناوچەی سندووسی نەغەدە، لە ئاوایی خەلیفەلیان ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک خاڵەند لە ساڵەکانی ١٣٦٠ی هەتاوی بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا پێشمەرگە بووە و دوای ئەوەی کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی گوشارێکی زۆریان بۆ ناوچەکە هێنا حیزب لەبەر بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان ناوچەکانی لە قووڵایی خاکی کوردستان چۆڵ کرد و ڕوویان له شاخەکانی کوردستان کرد و ئاودیوی باشووری كوردستان بوون.
کاک خاڵەند بەهۆی بنەماڵەکەیەوە و لەسەر بڕیاری حیزب گەڕایەوە بۆ ناوخۆی کوردستان و لەوێشدا هەمیشە هاوکاری هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوو و لە بەڕێوەبردنی ئەو ئەرکانەی کە پێیان سپاردوەە درێغی نەکردووە.
ناوبراو کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و خۆشەویست و جێگای باوەڕی خەڵکی ناوچەی سندووس بوو کە تا دوایی ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی دێموکرات مایەوە.
تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەی سندووس و ئاوایی خەلیفەلیان به خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.