ڕۆژی هەینی ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٥، کاک قارەمان حاڵ خاڵی، باوکی شەهید مەحموود حاڵ خاڵی و یەکێک لە سیما ناسراوەکانی شاری نەغەدە، لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
کاک قارەمان لەنێو خەڵکی شاری نەغەدەدا بە کەسێکی ڕەوشتبەرز، دەستپاک، نیشتمانپەروەر و دڵسۆزی گەل و نیشتمان دەناسرا.
ناوبراو لە هەموو قۆناغەکانی ژیانیدا بە پیاوێکی ئارام، ڕاستگۆ، خۆبەخش و خاوەن هەستێکی بەرز بۆ بەرژەوەندیی گشتی نەتەوەیی ناسراو بووە و دەرگای ماڵەکەی هەموو کات بە ڕووی شۆڕگێڕان و نیشتماندۆستاندا کراوە بووە.
شەهید مەحموود حاڵ خاڵی کوڕی کاک قارەمان، ساڵی ١٣٤٨ی هەتاوی لە شاری نەغەدە لەدایک بووە و بەهۆی باوەڕی پتەوی بە ئازادی و مافە ڕەواکانی گەلەکەی، ڕیزی پێشمەرگەی کوردستانی هەڵبژارد و دوای خزمەتێکی بێوچان لە ساڵی ١٣٧١ لە ناوچەی بۆڵێ، لە بنکەی دەفتەری سیاسی، بەهۆی تۆپبارانی هێزەکانی تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەداخەوە شەهید بوو.
کاک قارەمان هەتا دوایین هەناسەکانی، ئاواتی وەدیهاتنی ئامانجە بەرزەکانی حیزبی دێموکرات و شەهیدانی لە دڵدا بووە و شەهیدبوونی کوڕەکەی بە گەورەترین شانازیی خۆی و بنەماڵەی دەزانی.
تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی نیشتمانپەروەری شاری نەغەدەدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.