فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند کە نۆیەمین شەوی لەسەریەکی هێرشەکانی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لە بەرەبەیانیی دووشەممە ٢٩ی پووشپەڕ، بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهێناوە.
لە بەیاننامەکەی سێنتکامدا هاتووە کە هێزەکانی ئەم فەرماندەییە، ناوەندەکانی فەرماندەیی سەربازی، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی و چاوەدێریی کەناراوەکان، توانا دەریاییەکان، بنکەکانی هاویشتنی مووشەک و دڕۆن و تۆڕەکانی پەیوەندیی کۆماری ئیسلامییان کردووەتە ئامانج.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا هەروەها ڕایگەیاند کە ئەو هێرشانە بە مەبەستی کەمکردنەوەی توانای تاران بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و دەریاوانە مەدەنییەکانە کە لە گەرووی هۆرمۆزەوە تێدەپەڕن.
سێنتکام ڕایگەیاند: "ئەرتەشی ئەمریکا بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەرپرسیار دەهێڵێتەوە."
سێنتکام ئاماژەی بەوەش کردووە کە هێزەکانیان بەردەوام بە فۆکۆسی زیاتر، کوشندە و لە بەرزترین ئاستی وشیاری و ئامادەییدا دەمێننەوە.
ئەو شارانەی کە لەم شەوەدا کراونەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بریتین لە: "سیلوانای ورمێ، دەشتی ئازادگان، تەورێز، بەندەرعەباس، چابەهار، ماهشەهر، سیریک، کۆنارەک، جاسک، خۆرمووج، خۆڕەماوا و سەربەندەر".