بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی پووشپەڕ، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە بەحرەین و کوەیت دیسانەوە لێدرایەوە و بەرپرسانی ئەم وڵاتانە ڕایانگەیاند کە سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانییان بەرپەرچی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی ئێرانیان داوەتەوە.
هاوکات سپای تێرۆریستیی پاسداران لە بەیاننامەیەکی نوێدا ڕایگەیاند کە دووبارە هێرشی کردووەتە سەر بنکەی ئاسمانیی "عەلی ئەلسالم" لە کوەیت و هۆڵێکی کۆگای ئامێر و پارچە یەدەگە ئاسمانییەکان و حەشارگەیەکی دڕۆنەکانی ئەمریکای لەو بنکەیەدا پێکاوە.
سپا لە بەیاننامەکەیدا ئیدیعای ئەوەشی کردووە کە لە ڕێگەی هێرشێکی دڕۆنییەوە، سیستەمێکی ڕاداریی ئەمریکای لەو وڵاتەدا تێکشکاندووە.
پێش ئەم هێرشە نوێیانەی سەر کوەیت و بەحرەین، سپای پاسداران بانگەشەی هێرشی نوێ بۆ سەر ئۆردۆنی کردبوو و ڕایگەیاندبوو کە فڕۆکەکانی گواستنەوە و فەرماندەیی کۆنتڕۆڵی ئەرتەشی ئەمریکای لە فڕۆکەخانەی عەقەبە بە مووشەکی بالستیک کردووەتە ئامانج و زیانی قورسی پێگەیاندوون.
ئەم پەرەسەندنانە هاوکات بوون لەگەڵ دەستپێکردنی نۆیەمین خولی هێرشە بەردەوامەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی ڕۆژی دووشەممەدا، کە تێیدا چەندین شاری ئێران کرانە ئامانجی هێرشەکانی ئەمریکا.