دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە هێرشە سەربازییە نوێیەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ئێران وەک ڕێزێک بۆ ئەو سەربازە ئەمریکاییانە ئەنجام دراون کە لە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئۆردۆن و عێراقدا کوژران. ترامپ وتی کە ئەم سەربازانە گیانی خۆیان فیدا کردووە تا ڕێگری لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی بکەن.
سەرۆککۆماری ئەمریکا جەختی کردەوە کە ئێران لە ڕووی سەربازییەوە زیانێکی زۆر قورسی بەرکەوتووە، نزیکەی هەموو شتێکی لەدەست داوە و تەنیا بڕێکی کەم مووشەک، دڕۆن و توانای بەرهەمهێنانی بۆ ماوەتەوە.
ترامپ وتی: "ئێمە گەرووی هۆرمۆز کۆنتڕۆڵ دەکەین و ئەوان هیچ شتێک کۆنتڕۆڵ ناکەن. ئەمشەویش دیسان گورزێکی زۆر سەختمان لێدان."
ترامپ ئاماژەی بە گۆڕانی ستراتێژیی هێرشەکانی ئەمریکا کرد و وتی پێشتر تەنیا کارێکی بچووکمان بۆ ڕێگری لە توانایەکی دیاریکراو دەکرد، بەڵام ئێستا کارەکە بە تەواوی کۆتایی پێدەهێنین؛ ئامانجی ئێستامان لەنێوبردنی هەر شانس و ئەگەرێکە کە ئێران بتوانێت مووشەکی ئەتۆمی هەبێت.
ناوبراو جەختی کردەوە کە ئەرتەشی ئەمریکا لە ماوەی حەفتە و نیوێک یان دوو حەفتەدا، توانیویەتی پێش بەم ئەگەرە بگرێت.