کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو بوومەلەرزەی بەهێز کرماشانی هەژاند؛ سێ کەس بریندار بوون

09:16 - 29 پووشپەڕ 2726

بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، دوو بوومەلەرزەی بەهێز بە جیاوازیی پێنج خولەک ناوچەی "کۆزەران"یان لە پارێزگای کرماشان هەژاند، کە بووە هۆی ترسی هاووڵاتییان و چۆڵکردنی ماڵەکانیان بەرەو شوێنە گشتییەکان و ڕووبەرە کراوەکان.

یەکەم بوومەلەرزە کاتژمێر ٧:١٣ی بەیانی بە گوڕی ٥.٢ ڕیشتر و لە قووڵایی ٨ کیلۆمەتری و دووەم بوومەلەرزەش کاتژمێر ٧:١٨ بە گوڕی ٥.٧ ڕیشتر و لە قووڵایی ١٣ کیلۆمەتریی زەویدا ڕوویان داوە.

ئەم بوومەلەرزانە هێندە بەهێز بوون کە لە کرماشان و چەندین شاری دەورووبەریش هەستیان پێکراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی وتەبێژی ڕێکخراوی بەڕێوەبردنی قەیرانی ڕێژیم، سێ کەس لەم ڕووداوەدا بریندار بوون کە برینداربوونیان ناڕاستەوخۆ و بەهۆی شڵەژان و ڕاکردنەوە بووە.

تا ئێستا هیچ زیانێکی ماددیی گەورە لە گوند و ناوچە لێدراوەکان تۆمار نەکراوە و تۆڕەکانی ئاو، کارەبا و گاز بە تەواوی جێگیرن.