کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشە بەردەوامەکانی سپای پاسداران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هۆرمۆز

09:18 - 29 پووشپەڕ 2726

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، ڕێکخراوی ئۆپەراسیۆنی بازرگانیی دەریایی بریتانیا (UKMTO) ڕایگەیاندووە کە کەشتییەک لە نوێترین ڕووداوی ئەمنییەتیی دەریاییدا لە نزیک گەرووی هۆرمۆز تووشی ئاگرکەوتنەوە بووە.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕاپۆرتی ئەم ڕووداوەی لە دووریی ٨ مایلی دەریایی لە باکووری ڕۆژاوای ناوچەی "کومزار"ی عومان پێگەیشتووە و سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراویش پشتڕاستی کردووەتەوە کە کەشتییەکە لە حاڵی سووتاندایە، هەرچەندە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە هێشتا ڕوون نەکراوەتەوە.

ڕۆیتێرز هەروەها ئاماژەی بە بەیاننامەیەکی سپای تێرۆریستیی پاسداران کردووە کە تێیدا هاتووە دوو نەوتهەڵگر دوای هەوڵدان بۆ تێپەڕبوون لە ڕێڕەوێکی باشووری و نائەمن لە گەرووی هۆرمۆز، تەقیونەتەوە و لە کار خراون و ئیدیعای کردووە کە ئەمریکا ئەو کەشتییانەی هێناوەتە سەر ئەم هێڵە.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز نەیتوانیوە ڕاستەوخۆ ئەم هەواڵە پشتڕاست بکاتەوە، چونکە سپا هیچ وردەکارییەکی لەسەر ناو، ئاڵا، یان زیانە گیانییەکانی کەشتییەکان بڵاو نەکردووەتەوە.

سپای تێرۆریستیی پاسداران هۆشداریی داوە کە تا بەردەوامبوونی هێزەکانی ئەمریکا، ئەم ڕێڕەوە ئاوییە بۆ ترانزیتی پترۆشێمیی و تەنانەت دڵۆپێک نەوتیش بە نائەمنی دەمێنێتەوە.