لە کاتێکدا بەندکراوانی یەکەی ٢ی بەندیخانەی قزڵحەسار ماوەی ٧ ڕۆژە بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە شەپۆلی نوێی لەسێدارەدانەکان مانیان لە خواردن گرتووە، بنەماڵەی بەندکراوانی مەحکووم بە سێدارەش لە بەردەم ئەو بەندیخانەیە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، بەندکراوانی یەکەی ٢ی بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج لە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕەوە بەنیسبەت ڕاگواستی چەند بەندکراوێکی مەحکووم بە سێدارە بۆ ژووری تاکەکەسی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەیان، مانیان لە خواردن گرتووە.
لە درێژەی ئەو مانگرتنەدا، بنەماڵەی بەندکراوانی مەحکووم بە سێدارەش ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی پووشپەڕ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەربڵاویان بەڕێوە برد و بە دانی دروشمی جۆراوجۆر و هەڵگرتنی پلاکارد، ڕق و بێزاریی خۆیان لە دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و سزای دژەمرۆیی لەسێدارەدان دەربڕی.
"مافی لاوەکانی ئێران لەسێدارەدان نییە" و "نا بۆ لەسێدارەدان" بەشێک لە دروشمەکانی ئەو ناڕەزایەتییە بوون.
لەو پێوەندییەدا، کاناڵی ناوەندی مافی مرۆڤی بەلووچستان لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کرد کە ٢٠٠ کەس لە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هێرشیان کردووەتە سەر ئەو کۆبوونەوەیە و بە لێدان و سووکایەتیکردن هەوڵیان داوە کە بڵاوە بە ئەندامانی بنەماڵەی بەندکراوانی مەحکووم بە سێدارە بکەن.
بەپێی زانیارییەکان، بەندکراوانی یەکەی ٢ی قزڵحسار، وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتییان لە ڕێگەی مانگرتن لە خواردنەوە، دروشمی "نا بۆ لەسێدارەدان"یان بەرز کردووەتەوە.
ئەو بەندکراوانە سەرەڕای تێکچوونی دۆخی تەندروستییان بەهۆی مانگرتنەوە، ڕایانگەیاندووە هەتا کاتێک وڵامی خواستەکانیان نەدرێتەوە، لە مانگرتنیان بەردەوام دەبن.
شایانی باسە لە ماوەی دوو ساڵی سەرەتای هاتنەسەرکاری مەسعوود پزیشکییانەوە، ڕێژەی لەسێدارەدانەکان بەشێوەی بەرچاو زیادی کردووە و لەو ماوە زەمەنییەدا لانیکەم ٣ هەزار و ٨٨٨ کەس لە سێدارە دراون.