کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەکارهێنانی فۆسفۆری سپی لە هێرشە دڕۆنییەکەی ئێران بۆ سەر پارتی ئازادیی کوردستان

10:21 - 29 پووشپەڕ 2726

لە هێرشێکی دڕۆنیی ڕێژیمی ئێراندا بۆ سەر یەکێک لە بنکەکانی پارتی ئازادیی کوردستان، تەقەمەنیی تێکەڵ بە فۆسفۆری سپی بەکار هێنراوە.

پارتی ئازادی کوردستان ڕایگەیاند: "بەپێی پشکنینە پزیشکییەکان بۆ دۆخی ٩ پێشمەرگەی برینداری هێرشەکە و ئەو ئاگرە بەرفراوانەی لە ژینگە و شوێنی ڕووداوەکە کەوتووەتەوە، دەرکەوتووە کە ئەو چەکەی بەکارهاتووە فۆسفۆری سپیی تێدا بووە."

پارتی ئازادیی کوردستان ئەم پەلامارە وەک تاوانێکی شەڕ و پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی لە کاتی شەڕدا لەقەڵەم دەدات، چونکە بەکارهێنانی چەکی وا کە مرۆڤ و ژینگە دەسووتێنێت، دژ بە هەموو بنەما مرۆییەکانە.

"هونەر ئەحمەد"، بەڵگەفیلمساز و ڕۆژنامەنووسی کوردی خەڵکی هەرێمی کوردستان، بە بڵاوکردنەوەی وێنەی دوو کەس لە پێشمەرگە بریندارەکانی ئەم هێرشە، نووسیویەتی: «سەردانی ئەم پێشمەرگانەم کرد کە بە وتەی پارتی ئازادیی کوردستان، لە هێرشێکی دڕۆنییدا کراونەتە ئامانج کە فۆسفۆری سپی پێ بووە.»

پارتی ئازادیی کوردستان داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان، خاچی سوور و حکوومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد کە بێدەنگ نەبن و هەنگاوی یاسایی بۆ سزادانی ئێران و پاراستنی ئەمنییەتی ناوچەکە بگرنە بەر؛ چونکە بێدەنگی بەرانبەر ئەم چەکە قەدەغەکراوانە، ڕێگا بۆ تاوانی زیاتر خۆش دەکات.

لەسەر بنەمای یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی، بەکارهێنانی چەکی سووتێنەر لەوانە تەقەمەنییەک کە فۆسفۆری سپی دژی کەس یان لە ناوچە مەدەنییەکان تێدا بەکار هاتبێ، پێشێلکارییەکی جیددیی ڕێسا نێودەوڵەتییەکانە و پێویستی بە وڵامدەربوون و لێکۆڵینەوەی کاریگەر هەیە.