جۆزێف عەون سەرۆککۆماری لوبنان لەم حەفتەیەدا بۆ یەکەمین جار سەردانی ئەمریکا دەکات و گەڵاڵەی چۆنیەتیی چەککردنی حیزبوڵڵا یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی ئەو سەردانەیە و لەگەڵ دۆناڵد ترامپدا تاوتوێی دەکات.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی پووشپەڕ، هەواڵدەریی ڕویتێرز لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا لە زاری بەرپرسێکی لوبنانەوە بڵاوی کردەوە کە جۆزێف عەون پێشنیاری گەڵاڵەی نووسراوەی چۆنیەتیی ڕێکارەکانی چەککرانی حیزبوڵڵا بە دۆناڵد ترامپ دەکات.
پێشتر لوبنان و ئیسرائیل ڕۆژی ٥ی پووشپەڕی ئەمساڵ ڕێککەوتننامەیەکیان لەمەڕ چەککردنی حیزبوڵڵا و پاشەکشێی ئەرتەشی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان واژۆ کرد.
لە دژکردەوەدا نەعیم قاسم، سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵا ڕۆژی ٦ی پووشپەڕ بە دەرکردنی بەیاننامەیەک، ئەو ڕێککەوتننامەیەی بە هەڵوەشاوە و پووچ ناو برد و ڕایگەیاند: "دەست لە بەرگریی چەکدارانە دژ بە ئیسرائیل هەڵناگرین".
بەپێی ئامارەکان، لە دەسپێکی شەڕی ٤٠ ڕۆژە بەهۆی شەڕفرۆشییەکانی ئەو گرووپە تێرۆریستییەی سەر بە ڕێژیمی تارانەوە و ڕاگەیاندنی شەڕ لە دژی ئیسرائیل، زیاتر لە ٤ هەزار و ٣٠٠ کەس لەوانەش ٢٥٠ منداڵی لوبنانی و ئیسرائیلی کوژراون.
گرووپی حیزبوڵڵای لوبنان یەکێک لە مەترسیدارترین هێزە نیابەتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا بە ئەژمار دێت و لە سەرەتای دامەزرانییەوە ڕێژیمی تاران هەموو تێچووە مادی و چەکوچۆڵییەکانی لە ئەستۆ گرتووە و لە هەزاران کردەوەی تێرۆریستیدا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە.
شایانی باسە حیزبوڵڵا لەلایەن چەندین وڵاتی جیهانییەوە وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی دەناسرێت.