کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێنتکام کوژرانی سەربازێکی ئەمریکایی لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند

10:50 - 29 پووشپەڕ 2726

ستادی فەرماندەیی ناوەندیی ئەرتەشی ئەمریکا "سێنتکام" ڕایگەیاند؛ سەربازێکی ئەمریکایی ڕۆژی شەممە ٢٧ی پووشپەڕ لە ڕەوتی تێکشکاندنی هێرشێکی دڕۆنیی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان کوژراوە و سەربازێکی دیکەش بریندار بووە.

سێنتکام ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی پووشپەڕ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "لە کاتی جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی پووچەڵکردنەوەی دڕۆنێکی نەتەقێندراو ڕێژیمی تاران کە پێشتر بە سەرکەوتووییەوە خرابوویە خوارەوە، سەربازێک کوژرا و سەربازێکی دیکەش بریندار بوو".

شایانی باسە ڕۆژی شەممە ٢٧ی پووشپەڕ ئەرتەشی ئەمریکا باسی لە کوژرانی دوو سەرباز و بێسەروشوێنبوونی سەربازێکی دیکەی لە ئۆردۆن بەهۆی هێرشی مووشەکیی ڕێژیمی تارانەوە کردبوو.

بە گشتی لە سەرەتای شەڕی ٤٠ ڕۆژەوە هەتا ئێستا نزیک بە ١٧ سەربازی ئەمریکایی کوژراون و ٤٠٠ سەربازی دیکەش بریندار بوون.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا وڵاتانی کەنداو و ناوچەکەی بەچڕی کردووەتە ئامانج و هەرێمی کوردستان لەو هێرشە دڕندانەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمدا پشکی شێری بەرکەوتووە.