کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئۆردۆن لەمەڕ بەئامانجگرتنی خەڵکی ئاسایی وڵاتەکەی لەلایەن ڕێژیمی تارانەوە، کارداری باڵوێزخانەی ڕێژیمی بانگ کرد

13:44 - 29 پووشپەڕ 2726

لە درێژەی هێرشی سەرەڕۆیانەی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە و پەرەپێدانی شەڕ و ئاڵۆزیی زیاتر بەتایبەت لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، وەزارەتی دەرەوەی ئۆردۆن ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی پووشپەڕ کارداری باڵوێزخانەی ڕێژیمی لە وڵاتەکەی بانگ کرد و لەمەڕ بەئامانجگرتنی خەڵکی ئاسایی وڵاتەکەی هۆشداریی جیددیی پێ دا.

وەزارەتی دەرەوەی ئۆردۆن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "پەیامی توندی ناڕەزایەتیی خۆمان بەنیسبەت بەردەوامیی هێرشە دەستدرێژیکارانە و جینایەتکارانەی ئێران بۆ سەر خاکی پاشایەتیی ئۆردۆن بە نوێنەری ئێران ڕاگەیاندووە".

ئەو وەزارەتخانەیە ڕاشیگەیاند: "هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی بۆ سەر ئەو دامەزراوە گرنگانەی کە پێوندییان بە ژیانی خەڵکی ئاساییەوە هەیە، بۆ قەبووڵکردن نابێ".

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی کوەیت هێرشی مووشەکی و دڕۆنیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر دامەزراوەی بەرهەمهێنانی کارەبا و ئاوی شیرینی وڵاتەکەی بە توندی مەحکووم کرد و ڕایگەیاند: "ئەو هەوڵ و هێرشانەی ڕاستەوخۆ ژێرخانەکانی پێوەندیدار بە ژیانی خەڵکی ئاسایی دەکاتە ئامانج، تاوانێکی گەورەیە".

ئەو وەزارەتخانەیە باسی لەوەش کرد "دووبارەبوونەوەی هێرشی لەو جۆرەی ئێران، پەرەپێدانی گرژی و ئاڵۆزیی زیاتر، پێشێلکردنی یاسای نێونەتەوەیی، پشتگوێخستنی جاڕنامەی گەردوونی و بڕیارنامەی ٢٨١٧ی شۆرای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە".

وەزارەتی دەرەوەی کوەیت سوورە لەسەر ئەوەی ڕێژیمی ئێران نە هەر بەرپرسایەتیی یاسایی و ئەخلاقیی ئەو هێرشانە، بەڵکوو پێشهاتە و دەرهاویشتەکانیشی دەبێت بگرێتە ئەستۆ.

پێشتریش وڵاتانی ئەندام لە شۆرای هاواهەنگیی وڵاتانی کەنداو، ئۆردۆن، سووریە و کەسایەتی و بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان بە توندی کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی تارانیان مەحکووم کرد و بەئامانجگرتنی شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی ئاسایی و دامەزراوەکانی پێوەندیدار بە ژیانی خەڵکیان بە تاوان دژی مرۆڤایەتی لەقەڵەم دا.