خانەنشینانی شیرکەتی موخابەرات لە کرماشان، سنە و ئێسفەهان، جارێکی دیکە لە ناڕەزایەتی بەرانبەر بە دۆخی بژێوی ژیانیان و پشتگوێخستنی بەرپرسان ڕژانەوە سەر شەقامەکان؛ ئەو ناڕەزایەتییانەی کە دوای ساڵانێک لە بەدواداچوون هێشتا بەردەوامن و بوونەتە هێمایەکی ناڕەزایەتیی بەرفراوان لە نێوان خانەنشیناندا.
خۆپیشاندەران دەڵێن ماف و داواکارییە یاساییەکانیان پشتگوێ خراون و جێبەجێکردنی ئاییننامەی ڕاپەڕاندنی ساڵی ٨٩ هێشتا بە ناڕوونی ماوەتەوە.
ئەوان شێوازی بەڕێوەبردنی شیرکەتی موخابەراتی ئێران و خاوەن پشکە سەرەکییەکانی، لەوانەش دامەزراوە ئابوورییەکانی سەر بە ڕێژیم، بە بەرپرسیاری بەشێک لەم دۆخە دەزانن.
بەردەوامبوونی ئەم ناڕەزایەتییانە نیشانی دەدات کە بەڵێن و بڕیارە بەڕێوەبەرییەکان نەیانتوانیوە قەیرانی بێمتمانەیی نێوان خانەنشینان و پێکهاتەکانی دەسەڵاتداری سەر بە شیرکەتی موخابەرات چارەسەر بکەن؛ قەیرانێک کە هەموو حەفتەیەک بە ئامادەبوونی خۆپیشاندەران لە سەر شەقامەکاندا خۆی دەردەخاتەوە.