کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئۆکراین بە ٤٠٠ دڕۆن مۆسکۆی کردە ئامانج

15:49 - 29 پووشپەڕ 2726

لە درێژەی شەڕ و گرژییەکانی نێوان ئۆکراین و ڕووسیە، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ئەرتەشی ئۆکراین بە زیاتر لە ٤٠٠ دڕۆن مۆسکۆی پێتەختی ڕووسیە و ناوچەکانی دەوربەری کردە ئامانج و زیانی مادی و گیانیی زۆر بەر ڕووسیە کەوتووە.

هەواڵدەریی "ڕویتێرز" لە زاری ئاندری ڤۆرۆبیۆف فەرمانداری مۆسکۆوە نووسیویەتی ئاگری ئەو هێرشانەی ئۆکراین ناوچەکانی پۆدۆێلێسک، دۆمووددووڤ و ئۆدینتسووی گرتووەتەوە.

بە وتەی فەرمانداری مۆسکۆ، بەهۆی ئەو هێرشانەوە زیانی گیانی و مادیی بەرچاو بەر ئەو ناوچانە کەوتوون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، هێرشە دڕۆنییەکانی ئەرتەشی ئۆکراین لە کاتژمێر ٨ و ٣٠ خولەکی شەوی ڕابردوودا هەتا کاتژمێر ٥ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٩ی پووشپەڕ بەردەوام بووە.

هەواڵدەرییەکانی ڕووسیە باس لەوە دەکەن کە هەندێک لەو دڕۆنانە لەلایەن سیستەمی دژەئاسمانیی ئەو وڵاتەوە خراونەتە خوارەوە.

ئەو هێرشەی ئۆکراین لە تۆڵەی ئەو هێرشانەدا کراون کە ڕۆژی ڕابردوو، ڕووسیە شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی ئاسایی لە پێتەختی ئۆکراین کردە ئامانج و لە ئاکامدا کەسێک کوژرا و ١٦ کەسی دیکەش بریندار بوون.

ڕووسیە ٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ هێرشێکی داگیرکەرانەی بەربڵاوی دژ بە  ئۆکراین دەست پێکرد و لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانی، دەریایی و زەوینییەوە بەشێک لە خاکی ئەو وڵاتەی داگیر کرد.

لە سەرەتای ئەو شەڕەدا ڕووسیە ڕایگەیاند کە تەنیا لە ٢٤ کاتژمێردا دەست بەسەر تەواوی ئۆکرایندا دەگرین، بەڵام دوای تێپەڕبوونی نزیک بە ٥ ساڵ لەو هێرشە نەک هەر بە ئامانجەکەی نەگەشتووە بەڵکوو ئەرتەشی ئۆکراین وێڕای بەرپەرچدانەوەی توندی هێرشەکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر وڵاتەکەی، لە هێرشی پێچەوانەشدا توانیویەتی سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست بێنێت.

ڕووسیە بە یەکێک لە گەورەترین و سەرەکیترین هاوپەیمانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەئەژمار دێت و لە شەڕ دژ بە ئۆکرایندا لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە یارمەتیی ئەو وڵاتەی داوە.