کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەپێدانی ماددە هۆشبەرەکان لەلایەن بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە گوندەکانی کامێران

08:47 - 30 پووشپەڕ 2726

لە ماوەی ڕابردوودا لە ژمارەیەک لە گوندەکانی ناوچەی کامێران، هەندێک لە بەکرێگیراوانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەستیان داوەتە چاندنی گیای خەشخاش و بەرهەمهێنانی تریاک.

بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، ئەم کارە تێکدەرانەیە لەسەر ئاستی دەیان هێکتار زەویی کشتوکاڵی لە گوندەکانی وەک "گازرخانی"، "بزوەش"، "شایەنی"، "توانکەش" و چەندین شوێنی دیکەی ناوچەکە ئەنجام دراوە.

بەپێی بەڵگە مەیدانییەکان، وێنە و ڤیدیۆی ئەم زەوییانە بە تەواوی لەبەر دەستدان و ڕاستیی ڕووداوەکە دەسەلمێنن.

ئەم هەنگاوەی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی بەشێکە لە سیاسەتە نگریسەکانی ڕێژیم کە لە ڕێگەی دەست و پەیوەندییەکانییەوە بەمەبەست، لە هەوڵی تێکدانی پێکهاتەی کۆمەڵگەی کوردستان، تێوەگلاندنی لاوان و تێکدانی ئەمنییەتی کۆمەڵایەتیی ناوچەکەدایە.

پێویستە جەماوەری وشیار و نیشتمانپەروەری کوردستان و بەتایبەت خەڵکی بەشەرەفی گوندەکان بە تەواوی ئاگادار بن؛ ڕێگە نەدەن سەرچاوە و زەوییەکانیان بۆ مەرامی گڵاوی ڕێژیم و بڵاوکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان بەکار بهێنرێت و بە هەڵوێستی وشیارانەی خۆیان، کۆمەڵگە و لاوان لەم پیلانە مەترسیدارە بپارێزن.