وەزیری دەرەوەی فەرانسە لە کاردانەوە بە دەسبەسەرکرانی دوو کارمەندی باڵوێزخانەی وڵاتەکەی لە تاران لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە ڕایگەیاند: "دەسبەسەرکران و لێدان لە کارمەندانی باڵوێزخانەکەمان بێوڵام نامێنێتەوە".
ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی پووشپەڕ، ژان نۆئێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرانسە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا ڕایگەیاند: "دوو کارمەندی باڵوێزخانەی فەرانسە ڕۆژی یەکشەممە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و هەڕەشەی توندیان لێ کراوە و ئەشکەنجەش دراون".
بارۆ ڕایگەیاند کە ئەو کردەوەی بەرپرسانی تاران پێشێلکاریی ئاشکرای پارێزراویی دیپلۆماتیکە.
وەزیری دەرەوەی فەرانسە هەروەها وتی: "ئەو دوو کارمەندە بەبێ هۆکار بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر دەسبەسەر کراون، لێپرسینەوەیان لێ کراوە و ئەشکەنجە دراون".
لە کۆتاییدا وەزیرەی دەرەوەی فەرانسە هەڕەشەی لە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ڕێژیم کرد و ڕایگەیاند: "ئەو دەستدرێژیانە قەبووڵ ناکەین، ئەو کردەوەتان بێوڵام نامێنێتەوە".
شایانی باسە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە پرۆتۆکۆلی دیپلۆماتیکی ڕەچاو نەکردووە و ڕێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٥٨، کۆمەڵێک لە دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم لەژێر ناوی "خوێندکارانی خەتی ئیمام" بە پاساوی "لانەی جاسووسی" هێرشیان کردە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران و ٦٦ دیپلۆماتکاری ئەو وڵاتەیان بە بارمتە گرت و ماوەی ٤٤٤ ڕۆژ دەسبەسەر کران و دواتر ئەو بێ پرنسیپییەی ڕێژیم لە جیهاندا بە کارەساتی بارمتەگرتن لە ئێران ناسرا.