سپای تێرۆریستیی پاسداران و ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران ڕایانگەیاند بە مووشەک و دڕۆن چەندین بنکەی سەربازیی ئەمریکایان لە بەحرەین، کوەیت و ئۆردۆن کردووەتە ئامانج.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکانی سپای پاسداران، لە کوەیت سایتی ڕاداری دووربڕ، ناوەندی پەیوەندییەکان، ڕاداری بەرگری و کۆگای دڕۆنەکانی MQ-9 لە بنکەی "عەلی ئەلسالم" کراونەتە ئامانج.
هەروەها ئیدیعای تێکشکاندنی ڕاداری FPS-117، سیستمێکی پاتریۆت و پەیوەندییە ماهوارەیییەکان لە بنکەی "ئەحمەد ئەلجابڕ" کراوە.
لە بەحرەینیش، سپا ئیدیعای هێرشکردنە سەر سیستمێکی بەرگری و ڕادار لە بنکەی "ئەلمەحرەق" و سیستمێکی پاتریۆتی لە بنکەی "ئەلرفاع" کردووە. هەروەها وەک وڵامێک بۆ هێرشەکانی سەر "دارخوێن"، ڕایگەیاندووە بە مووشەکی کرووز ناوەندی شیرکەتی "ئامازۆن"ی لە بەحرەین وێران کردووە.
لە ئۆردۆنیش، سپا ئیدیعای پێكانی ڕاداری بەرگری و تێکشکاندنی فڕۆکەیەکی F-15ی کردووە.
هاوکات، ئەرتەشی ڕێژیم ڕایگەیاند ٣٠ی پووشپەڕ بە دڕۆن هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانی "ئەحمەد ئەلجابڕ، العەدیری و کەمپ عەریفجان" لە کوەیت.