کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: ئێران هەزاران سانتریفیوژی گواستووەتەوە بۆ "کێوی پیکاکس"

09:56 - 30 پووشپەڕ 2726

هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە کە ڕێژیمی ئێران هەزاران سانتریفیوژی ئەتۆمیی گواستووەتەوە بۆ ناوچەی "کێوی پیکاکس" و لە قووڵایی زەویدا جێگیری کردوون.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "واڵ‌ستریت ژۆرناڵ"، ئەم هەنگاوەی تاران ئەنجامدانی هەر هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر ئەو دامەزراوە ئەتۆمییانە ئاڵۆزتر و دژوارتر دەکات.

زانیارییە هەواڵگرییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پڕۆسەی گواستنەوەکە لە پاییزی ڕابردوودا و دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی جۆزەردان و پووشپەڕی ١٤٠٤ ئەنجام دراوە؛ شەڕێک کە تێیدا ئەمریکا فڕۆکەی بۆمبهاوێژی B-2ی بۆ بەئامانجگرتنی بنکە ژێرزەمینییەکانی ئێران بەکار هێنابوو.

هاوکات، دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە "کێوی پیکاکس" ئامانجێکی ئەگەرییە بۆ هێرشێکی سەربازیی قورس و ڕایگەیاندووە: "ئەوان لە ڕووی بارودۆخی ئەتۆمییانەوە لە دۆخێکی باشدا نین و ئەگەری هەیە بەم زووانە هێرش بکەینە سەر ئەو شوێنەش."

لەلایەکی دیکەوە، کاناڵی "سی ئێن ئێن" لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە وێنە ماهوارەییەکان هاتوچۆی بەردەوامی بارهەڵگرەکان لە ناوچەی کێوی پیکاکس نیشان دەدەن، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەوڵەکانی تاران بۆ نۆژەنکردنەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی.