کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا هاوکات لەگەڵ هێرشە چڕەکانی بۆ سەر ڕێژیم، فڕۆکەی شەڕکەری زیاتر ڕەوانەی ناوچەکە دەکات

10:16 - 30 پووشپەڕ 2726

لە دوای پەرەسەندنی گرژی و هێرشە پێچەوانەکانی ئەمریکا و ڕێژیمی تاران بۆ سەر یەکتر، سی ئێن ئێن لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ئەمریکا لە هەوڵدایە فڕۆکەی شەڕکەری زیاتر لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین جێگیر بکات.

ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی پووشپەڕ، سی ئێن ئێن لە زاری بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکاوە ڕایگەیاند کە دۆناڵد ترامپ بڕیاری داوە فڕۆکەی شەڕکەری ئێف ١٦ و ئێف ٣٥ لە ئورووپاوە بۆ ناوچەکە بگوازێتەوە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ئەو بڕیارە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی سێنتکام بۆ جێگیرکردنی چەندین فڕۆکەی سووتەمەنیبەری دیکە لەم ناوچەیە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا پێشتر چەند فڕۆکەی سووتەمەنیبەری دیکەی ناردبووە ئیسرائیل.

ناردنی فڕۆکەی شەڕکەر و هێزی زیاتر لەلایەن ئەمریکاوە بۆ ناوچەکە دەرخەری چڕتربووەنەوەی هێرشەکانی ئەو وڵاتە دژ بە ڕێژیمی تارانە.

 سەرۆککۆماری ئەمریکا هەڕەشەی لە بەرپرسانی ڕێژیم کرد و ڕایگەیاند: "ئامادەین هەموو بنکەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەرانسەری ئێران بە شێوەیەک لەنێو ببەین کە هەست بکەن هەر لە سەرەتاوە بوونیان نەبووە".