بەرپرسانی باڵای ئەمریکا بۆ کاناڵی "فاکس نیوز"یان ڕاگەیاندووە، چاوەڕوان دەکرێت دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە ڕۆژانی داهاتوودا بڕیار لەسەر ئەوە بدات کە ئایا ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە ئێران بەرفراوانتر بکات و بگەڕێتەوە بۆ شەڕێکی هەمەلایەنە یان نا.
بە وتەی بەرپرسان، هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە، بەڵام ئەگەر ترامپ فەرمانی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی هەمەلایەنە بدات، ئەم هەڵمەتە زۆر چڕتر و بەرفراوانتر دەبێت لەو هێرشە ئاسمانییانەی لە ١٦ی پووشپەڕ دەستیان پێکردووە و زیاتر دارایی و بنکە سەربازییەکانی ئێرانیان لە دەوروبەری گەرووی هۆرمۆز کردووەتە ئامانج.
هێزەکانی ئەمریکا تا ئێستا لە بەئامانجگرتنی ناوچەکانی نزیک تاران و دامەزراوە ئەتۆمییەکان خۆیان پاراستووە، بەڵام بەرپرسان ئاماژە بەوە دەکەن بە گەڕانەوە بۆ شەڕی هەمەلایەنە ئەم بارودۆخە دەگۆڕێت.
ئەم بەرپرسانە هەروەها ڕاپۆرتەکانی پێوەندیدار بە ناردنی فڕۆکەی سەربازیی زیاتری ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان پشتڕاست کردەوە و جێگیرکردنی ئەم فڕۆکانەی بە سەرەتایی وەسف کرد، لە کاتێکدا داڕێژەرانی بەرنامەی سەربازی چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی ترامپن.
لە هەمان کاتدا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) لە ئامادەباشیدایە و بە جێگیرکردنی فڕۆکەی شەڕکەری زیاتری وەک F-16 و F-35 و فڕۆکەی سووتەمەنیبەری KC-135 ئامادەکاری دەکات.
هەروەها ڕاگەیەندراوە کە فڕۆکە سووتەمەنیبەرەکان بۆ پاراستنی زیاتر ڕەوانەی بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل دەکرێن، تا لە کاتی بڕیاری بەرفراوانکردنی شەڕدا، ئیسرائیلیش بەشداری لە هەڵمەتە ئاسمانییەکاندا بکات.