ماوەی ٨ ڕۆژی بەردەوامە بەندکراوانی یەکەی ٢ی بەندیخانەی قزڵحەسار بەنیسبەت شەپۆلی نوێی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانەکان و ئەگەری لەسێدارەدانی چەند بەندکراوی دیکە مانیان لە خواردن گرتووە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هێرانا" ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی پووشپەڕ ڕایگەیاند کە بەندکراوانی یەکەی ٢ی بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج ماوەی ٨ ڕۆژی بەردەوامە وەک ناڕەزایەتییەک بە جێببەجێکرانی سزای دژەمرۆیی سێدارە و ڕاگواستی ٦ بەندکراوی ئەو بەندیخانە بۆ ژووری تاکەکەسی بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەیان، مانیان لە خواردن گرتووە.
بەپێی زانیارییەکانی هێرانا، دوێنی دووشەممە ٢٩ی پووشپەڕ، ئەو بەندکراوانە لە ساڵۆنی بەندیخانە کۆ بوونەتەوە و لە وەرگرتنی جیرەی خۆراکی خۆیان بواردووە.
لەو کۆبوونەوەیەدا، دروشمی "نا بۆ لەسێدارەدان" وتراوەتەوە و بەو شێوەیە بێزاریی خۆیان لە جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدان و پشتگوێخرانی داواکارییەکانیان دەربڕی.
شایانی باسە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بنەماڵەی بەندکراوانی مەحکووم بە سێدارە لەبەر بینای ئەو بەندیخانەیەدا بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەربڵاو، دەنگی خۆیان خستە پاڵ دەنگی مانگرتووان و خوازیاری ڕاگرتن و هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارەی بەندکراوان بوون.
شایانی باسە هێزەکانی ڕێژیم هەوڵیان داوە بە لێدان و توندوتیژی کۆتایی بەو کۆبوونەوەیە بێنن.