کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرچوونی سزای لەسێدارەدان بۆ دوو خۆپیشاندەری مانگی بەفرانبار

13:56 - 30 پووشپەڕ 2726

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕایانگەیاند کە لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە شیراز سزای سێدارەدانی بۆ دوو لاوی خۆپیشاندەر بە ناوەکانی "موجتەبا دێهبەندی" ٢٣ ساڵ و "کیانووش حەمزه‌یی کازرونی" ٢٧ ساڵ دەرکردووە کە پەیوەندیدارە بە خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەم دوو هاووڵاتییە تۆمەتی "موحاربە" و "پەنادان و پێشکەشکردنی هاوکاریی تەندروستی بۆ خۆپیشاندەرانی بریندار"یان دراوەتە پاڵ.

هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە ڕێگەی کامێرای چاوەدێرییەوە ناسنامەیان دیاری کردوون و لە ماڵەکانی خۆیاندا دەسبەسەریان کردوون، هەروەها ٤ خۆپیشاندەری برینداری ناو دوکانەکەشیان دەسبەسەر کردووە کە تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.

لە ئێستادا ئەم دوو لاوە لە بەندیخانەی ناوەندیی عادڵ ئابادی شیراز ڕاگیراون؛ بەندیخانەیەک کە بەهۆی مەرجە سەختەکانی ڕاگرتن، ئەشکەنجە و ڕەوشی نەگونجاوی تەندروستییەوە، بەردەوام کەوتووەتە بەر ڕەخنەی توندی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.

چالاکوانانی مافی مرۆڤ نیگەرانیی قووڵی خۆیان بەرانبەر زێدەڕۆیی ڕێژیمی ئێران لە دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای سێدارە دەربڕیوە و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە بۆ ڕاگرتنی ئەم سزایانە گوشار بخەنە سەر تاران.