کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەی توندی وڵاتانی عەرەبی و جیهانی بە هەڕەشەی نوێی حوسییەکان

13:58 - 30 پووشپەڕ 2726

لە دوای هەڕەشەی گرووپی چەکداری حوسییەکانی یەمەن لەمەڕ بەستنی ڕێڕەوی ئاویی نێونەتەوەیی لە دەریای سوور و گەرووی بابەلمەندەب، وڵاتانی عەرەبی و جیهانی کاردانەوەی توندیان نیشان دا و ئامادەیی خۆیان بۆ بەرپرچدانەوەی هەر جۆرە هەڕەشە و هێرشێکی ئەو گرووپە دەربڕی.

لە کۆبوونەوەی شۆرای ئەمنییەت سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، نوێنەری بەحرەین لەبارەی ئاڵۆزییەکانی یەمەن و هەڕەشە نوێیەکانی حوسییەکانەوە ڕایگەیاند: "هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی و گرووپی حوسیەکان، ئازادیی کەشتیوانیی نێونەتەوەییان ڕووبەڕووی هەڕەشەی جیددی و مەترسیدار کردووتەوە".

لەو کۆبوونەوەدا، نوێنەری ئەمریکا، کۆماری ئیسلامی و حوسییەکانی بە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر کەشتیوانی و ئابووریی جیهان لەقەڵەم دا.

هەروەها تورکیەلمالکی وتەبێژی هاوپەیمانیی عەرەبی لەوبارەوە وتی: "هەڕەشەی حوسییەکان دژی کەشتیوانیی نێونەتەوەیی بە لێبڕاوانە و هێزەوە وڵام دەدەینەوە".

ئەو بەرپرسە سەربازییە ئامادەیی هاوپەیمانیی عەرەبی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە و هێرشەکانی حوسییەکان ڕاگەیاند و هەڕەشەی ئەو گرووپەشی بە "دزیی دەریایی" ناو برد.

لەو پێوەندییەدا عەربستان بە توندترین شێوە هەڕەشەی لە گرووپی تێرۆریستیی حوسییەکان کرد و ڕایگەیاند: "بۆ پاراستنی کەشتییەکانی خۆمان، بەپێی یاسای نێونەتەوەیی و کۆنڤانسیۆنی ١٩٨٢ی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی یاسای دەریاییەوە، تەواوی هەوڵەکانی خۆمان دەخەینە گەڕ".

ڕەشاد ئەلمۆعەلیمی، شۆرای ڕێبەریی سەرۆکایەتیی کۆماری یەمەن ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی پووشپەڕ لەبارەی نوێترین هەڕەشەکانی حوسییەکانەوە ڕایگەیاند: "دۆخی هەنووکەیی یەمەن ئاکامی کوودەتای سەربازیی حووسییەکانە کە چەکیان لە دژی هاووڵاتییانی خۆیان هەڵگرتووە و هیچ دەسکەوتێکی بۆ یەمەن جگە لە کردەوەی تێرۆریستیی دژی خەڵکی خۆیان و وڵاتانی دراوسێ و جیهانی نەبووە".

کاردانەوەی توندی ئەو وڵاتانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی بە حوسییەکانی ژێر فەرمانی خۆی ڕاگەیاندبوو کە بۆ بەستنی ڕێگەی ئاویی نێونەتەوەیی گەرووی بابەلمەندەب خۆی ئامادە بکات.

ڕێژیمی تاران دەیهەوێت بە بەستنی گەرووی هۆرمۆز و بابەلمەندەب لەلایەن تێرۆریستانی سپای پاسداران و حوسییەکانەوە گوشاری زیاتر بخاتە سەر ئەمریکا، وڵاتانی ئورووپایی و کەنداو.

پێشتریش حوسییەکان ڕایانگەیاندوو ئەو کەشتییانەی پێوەندییان بە ئیسرائیل، بریتانیا و ئەمریکاوە هەیە، پەڕینەوەیان لە دەریای عەرەب، کەنداوی عەدەن، گەرووی بابەلمەندەب و دەریای سوور قەدەغە کراوە.