ژمارەیەک لە کرێکارانی بێکارکراوی پڕۆژەی دروستکردنی قۆناغی دووەمی پاڵاوگەی گازی ئیلام، ڕەخنەیان لە جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکانی گەڕانەوەیان بۆ سەر کار و پشتگوێخستنی داواکارییەکانیان گرت و داوای چارەسەرکردنی ڕەوشی ژیانیان دەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە کۆی ٣٥٠ کرێکاری خۆجێیی کە پێشینەی ٥ تا ۱۰ ساڵ کاریان لەژێر چاوەدێریی شیرکەتی پەیمانکاریی "جەهانپارس"دا هەبووە، نزیکەی ١٥٠ کرێکار لە ڕەزبەری ساڵی ڕابردووەوە تا نەورۆزی ساڵی ١٤٠٥ لە سێ قۆناغدا بە پاساوی کۆتاییهاتنی بەشێک لە پڕۆژەکە لەسەر کارەکانیان دەرکراون.
یەکێک لە کرێکارە ناڕازییەکان ڕایگەیاندووە کە لە قۆناغی یەکەمدا ٥٨ کەس، لە کۆتایی ڕەشەمەدا ٥٢ کەس و لە نەورۆزی ئەمساڵیشدا ٤٢ کرێکاری دیکە دەرکراون، لە کاتێکدا وەک هێزی خۆجێیی ناوچەکە مافی لەپێشینەیان بۆ کارکردن لە قۆناغەکانی تەواوکاریی پڕۆژەکەدا هەیە.
جگە لە قەیرانی بێکاری، بەشێک لەم کرێکارانە تا ئێستا مووچەی مانگەکانی ڕێبەندان و ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوویان وەرنەگرتووە و خاوەنکار لە پێدانی قەرەبووەکانیان خۆ دەپارێزێت و هەروەها دۆخی وەرگرتنی "بیمەی بێکاری" ئەو کرێکارانە تا ئێستا بە نادیاری ماوەتەوە.