ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی پووشپەڕ دایە زەڕی خەشمانی دایکی شەهیدێکی کوردستان لە ئاوایی نێرگەی مەرگەوەڕی ورمێ بەهۆی پیری و بەساڵاچوویەوە کۆچی دوایی کرد.
دایە زەڕی ژنێکی تێکۆشەر، نیشتمانپەروەر و دڵسۆزی گەل و نیشتمانەکەی بووە و لەنێو خەڵکی ئاوایی نێرگە و ناوچەی مەرگەوەڕدا خۆشەویست و جێگای ڕێز بوو.
کوڕێکی دایە زەرێ بە ناوی ئەحمەد قاسمی لە ڕێگای ئازادی و سەربەستیی کوردستاندا شەهید بووە.
شەهید ئەحمەد قاسمی ساڵی ١٣٤٤ لە ئاوایی نێرگەی مەرگەوەڕ لە دایک بووە و لە هێزی ئاگریدا سازمان دراوە و لە ڕێکەوتی ١٨ی جۆزەردانی ١٣٦٥ لە دەرگیرییەکدا لەگەڵ هێزی داگیرکەری ڕێژیمی تاران بەداخەوە هاوکات لەگەڵ دوو هاوڕێی دیکەی شەهید بوو.
هەروەها کوڕێکی دیکەی ناوبراو بە ناوی میرزا محەممەد قاسمی دوای شەهیدبوونی براکەی، دەبێتە پێشمەرگە و لە ساڵی ١٣٧٠دا لە شەڕێکدا بەدیل دەگیردێت و دوای چەند ساڵ لە دەسبەسەرکرانی، ئازاد بووە و وەک پێشمەرگە وەرگیرایەوە.
دواتر لەسەر ئیزنی حیزب وەک ئەندامی تەشکیلاتی ئاشکرا لە شاری سۆرانی باشووری کوردستان درێژەی بە تێکۆشانی خۆیدا و بەهۆی کارەساتێکەوە گیان لەدەست دەدات.
هەموو ئاواتی دایە زەڕی وەدیهاتنی ئامانجە پیرۆزەکانی حیزبی دێموکرات بووە و بەداخەوە هەر بەو ئاواتەوە سەری نایەوە.
تەرمی نابراو لەنێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەکەدا لە ئاوایی نێرگە بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.