ئەندامانی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لە ١٣٠ـەمین حەفتەی چالاکییاندا بۆ جارێکی دیکە بە مانگرتن لە خواردن، ناڕەزایەتیی خۆیان بەنیسبەت بەردەوامیی سەپاندن و جێبەجێکردنی سزای دژەمرۆیی لەسێدارەدان دەربڕی.
لە بەیاننامەی ئەم حەفتەیەی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەداندا وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی هەموو بەندکراوانی لەسێدارەدراو، پشتیوانیی تەواوی خۆیان لە مانگرتنی بەندکراوانی یەکەی ٢ی بەندیخانەی قزڵحەسار دەربڕی.
لە بەشێک لەو بەیاننامەدا هاتووە کە "لە حەفتەی ڕابردوو چوار بەندکراوی سیاسی بە ناوەکانی عارف خۆشکار لە بەندیخانەی قزڵحەسار و محەممەدئەمین دەهاقانی، عارف ئێسفەندیاری و گوڵمحەممەد محەممەدی لە بەندیخانەی ئێسفەهان لەلایەن ڕێژیمی تارانەوە بە شێوەی سەدە نێوەڕاستی لە سێدارە دران".
هەروەها ئاماژە بەوەش دراوە کە "لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوە سیاسییانە وەکوو هەموو بەندکراوانی سیاسیی دیکەی مەحکووم بە سێدارە، لە ڕەوتی پێڕاگەیشتنێکی نادادپەروەرانەدا دادگایی و لە سێدارە دراون".
بەپێی ئاماری ئەو کەمپەینە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، پتر لە ٢٨٠ بەندکراوی لە سێدارە داوە.
شایانی باسە بەندکراوانی بەندیخانەی نەیشابوور لە بەیاننامەیەکدا پەیوەستبوونی خۆیان بەو کەمپەینە ڕاگەیاند و لە ئێستادا ٥٩ بەندیخانە لە سەرانسەری ئێراندا، ئەندامی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدانن.
لە ئێستادا کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان بە یەکێک لە بەربڵاوترین، درێژماوەترین و شوێندانەرترین ناڕەزایەتیی نێو بەندیخانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی بە ئەژمار دێت.