کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بۆ چوارمین جار دامەزراوەی بەرهەمهێنانی کارەبا و ئاوی شیرینی کوەیتی کردەوە ئامانج

15:46 - 30 پووشپەڕ 2726

دوای هێرش و پەلاماردانی وڵاتانی ناوچەکە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە  ماوەی ٩ ڕۆژی ڕابردوودا، جارێکی دیکە ژێرخانەکانی پێوەندیدار بە ژیانی خەڵکی ئاسایی لە کوەیت بۆ چوارەمین جار کرایە ئامانج.

ئەمرۆ سێشەممە ٣٠ی پووشپەڕ، وەزارەتی کارەبا، ئاو و وزە نوێکراوەکانی کوەیت ڕایگەیاند: "کۆماری ئیسلامیی بۆ چوارەمین جار هێرشێ کردە سەر چەند دامەزراوەی بەرهەمهێنانی کارەبا و ئاوی شیرین و بەهۆی ئەو هیرشەوە لە ئێستادا ژیانی زۆربەی خەڵک لە مەترسیدایە".

لە بەیاننامەی ئەو وەزارەتەدا هاتووە کە لە ئاکامی ئەو هێرشانەدا چەند وزەخانەی ئاگریان گرتووە و زیانی زۆریان پێ گەیشتووە.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەیاننامەیەکدا هێرش بۆ سەر ئەو وزەخانانەی پشتڕاست کردەوە.

پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە ڕایگەیاندبوو: "هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئەو دامەزراوە گرنگانەی کە پێوندییان بە ژیانی خەڵکی ئاساییەوە هەیە، بۆ قەبووڵکردن نابێ".

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی کوەیت هێرشی مووشەکی و دڕۆنیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر دامەزراوەی بەرهەمهێنانی کارەبا و ئاوی شیرینی وڵاتەکەی بەتوندی مەحکووم کرد و ڕایگەیاند: "ئەو هەوڵ و هێرشانەی ڕاستەوخۆ ژێرخانەکانی پێوەندیدار بە ژیانی خەڵکی ئاسایی دەکاتە ئامانج، تاوانێکی گەورەیە".

پێشتریش وڵاتانی ئەندام لە شۆرای هاواهەنگیی وڵاتانی کەنداو، و ناوچەکە وێڕای مەحکوومکردنی ئەو هێرشانەی ڕێژیم، بەئامانجگرتنی شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی ئاسایی و دامەزراوەکانی پێوەندیدار بە ژیانی خەڵکیان بە تاوان دژی مرۆڤایەتی لەقەڵەم دابوو.