کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی، هاوڕێ "ئەبووبەکر هوشەنگی"، یەکێک لە بریندارەکانی هێرشەکەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بارەگاکانی کۆمەڵە لە "زڕگوێز" و دەوروبەری، بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە گیانی بەخت کرد.
سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٢٦ی پووشپەڕ، بارەگاکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە دەوروبەری زڕگوێزەڵە کەوتنە بەر هێرشێکی چڕی مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەداخەوە ٩ پێشمەرگە شەهید و دوو پێشمەرگەی دیکە بریندار بوون کە ئاماری شەهیدانی ئەو هێرشە بۆ ١٠ کەس بەرز بووەوە.
سکرتاریەتی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە وێڕای دەربڕینی سەرەخۆشی لە بنەماڵە، هاوسەنگەران، خەڵکی کوردستان و بەتایبەت خەڵکی شاری مەریوان، جەختی لەسەر درێژەدان بە ڕێبازی هاوڕێ ئەبووبەکر و سەرجەم گیانبەختکردووانی هێرشەکە کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە خوێنی ئەوان دەبێتە هەوێنی بەردەوامیی خەبات و شۆڕشەکەیان.