کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێنتکام: یازدەیەمین شەوی هێرشەکان بۆ سەر ئێران بە سەرکەوتووییەوە کۆتایی هات

09:50 - 31 پووشپەڕ 2726

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا "سێنتکام" ڕایگەیاند هێزەکانیان کاتژمێری ٢ و ٣٠ خولەکی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، ١١ـەمین شەوی هێرشەکانیان دژ بە ڕێژیمی ئێران دەست پێکرد و بە سەرکەوتووییەوە کۆتایی پێهات.

بەپێی بەیاننامەی سێنتکام، هێزەکانی ئەمریکا ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕێژیم، توانایی سەربازیی دەریایی، شوێنی فڕۆکەی شەڕکەر، کۆگای ڕاگرتنی دڕۆن و ژێرخانە لۆجستیکییەکانی ڕێژیمیان کردووەتە ئامانج.

سێنتکام ڕاشیگەیاند: "توانایی سەربازیی ئێران ئەوەندە لاواز بووە کە چیتر ناتوانن هەڕەشە و مەترسی بن لە دژی کەشتییە بازرگانییەکانی گەرووی هۆرمۆز".

هەروەها سێنتکام ئاماژەی بەوە دا کە سەرەڕای بەردەوامیی هەوڵە هێرشبەرەکانی ڕێژیمی ئێران، گەرووی هۆرمۆز بە ڕووی کەشتییە بازرگانییەکاندا کراوەیە.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو ناوەندە سەربازییە، لە سەرەتای مانگی مەی هەتا ئێستا، هێزەکانی سێنتکام یارمەتیی نزیک بە ٩٠٠ کەشتیی بازرگانی و ٤٥٠ میلیۆن بەرمیل نەوتی خاویان داوە هەتا بە گەرووی هۆرمۆزدا تێپەڕن.

بەپێی زانیارییەکان، دەنگی تەقینەوە لە شارەکانی تاران، بێهبەهان، ئومیدییە، سیریک، ماهشەهر، بەندەرعەباس، بووشێهر، چابەهار، کۆنارەک، تەورێز، بانە، کەبوودەرئاهەنگی هەمەدان، کەنگاوەر، خوڕەمدەڕە، ئەبهەر، دینارکوو، چەوار، ئەنارەک و ئاودانانی ئیلام بیستراوە.