کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی ئاگرتێبەردانی ژینگەی کوردستان لەلایەن ناحەزان و هەلپەرەستانەوە

09:55 - 31 پووشپەڕ 2726

لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لێڕەوار و دارستانەکانی قەڵاڕەنگی ئیلام لەلایەن ناحەزانی کوردستان و هەلپەرەستانەوە ئاگری تێبەردرا و زیانی زۆری پێگەشت.

دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی پووشپەڕ، ئاگر لە دارستان و لێڕەوارەکانی قەڵاڕەنگی ئیلام بەردرا و بەهۆی بای توندەوە بەخێرایی پەرەی سەندووە و زیانێکی زۆر بەر ژینگەی ئەو ناوچەیە کەوتووە.

لە دوای هەوڵ و ماندوویەتی چالاکانی ژینگەپارێز و لاوانی دەروەستی ئەو ناوچەیە و دوای ١٦ کاتژمێری هەوڵی بێوچان، سەرەنجام ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کرا و پێش بە زیانی زیاتری گیرا.

بەپێی زانیارییەکان، پتر لە ٥ هێکتار لەو دارستانە بەتەواوی سووتاوە.

دەیان ساڵە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان سیاسەتی ستەمی ژینگەیی گرتووەتەبەر و ساڵانە دەیان هەزار هێکتار لە ڕووبەری ژینگەی بەپیتی کوردستان لە ئاگری ناحەزان و مۆرەکانی ڕێژیمی تاراندا بە شێوەی جۆراوجۆر و سیستماتیک لەنێو دەچێت.

شایانی باسە لە دەیەی ڕابردوودا بەهۆی هۆشیاریی خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و بوونی ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکانەوە پێش بە کاولکاریی زیاتری ژینگەی کوردستان گیراوە و هەوڵەکانی داگیرکەران بۆ لەنێوبردنی ژینگە، لێڕەوار و دارستانەکانی کورستانیان بێ ئاکام هێشتووەتەوە.