لە درێژەی هێرشی سەرڕۆیانەی ڕێژیمی تاران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە، بۆ چەندەمین جاری بەردەوام هێرش کرایە سەر هەرێمی کوردستان، بەحرەین و کوەیت.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەرتەشی ڕێژیم، کۆگای پاشەکەوتی تەقەمەنی، کەرەستەی لۆجستیکیی ناوەندی فەرماندەیی هێزی زەمینیی ئەرتەشی ئەمریکا لە بنکەی ئەلدۆحەی ڕۆژاوای کوەیت کراوەتە ئامانجی هێرشی مووشەکی و دڕۆنی.
ئەرتەشی کوەیت ڕایگەیاند سیستەمی دژەئاسمانیی وڵاتەکەی بەتوندی ڕووبەڕووی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی کۆماری ئیسلامی بووەتەوە و هەتا ڕادەیەکی زۆر توانراوە بەرپەرچیان بدرێتەوە.
هەروەها بەهۆی هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران و مەترسیی بەئامانجگیرانی شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی ئاسایی، ئاژیری ئاگادارکردنەوە لە سەرانسەری بەحرەین لێ دراوە.
بەپێی زانیارییەکانی کاناڵی کوردستان ٢٤، شەوی ڕابردوودا کاژمێر ٨ هەتا ٩ی شەو سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەولێر چالاک کرا و توانرا شەش دڕۆنی ڕێژیمی سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی لە ئاسمانی هەولێردا تێکبشکێنن.
ئەمە لەکاتێکدایە، دوای دەستپێکردنەوەی شەڕی نێوان ئەمریکا و ڕێژیمی تاران لە ١١ شەوی ڕابردوودا، هێزە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە ٢٥ دڕۆنیان ئاراستەی هەولێر کردووە و زۆربەیان لە ئاسماندا تێکشکێندراون.
شایانی باسە لە یەکێک لەو هێرشە دڕۆنیانەی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنکەکانی پارتی ئازادیی کوردستان کە ٨ پێشمەرگە بریندار بوون، تەقەمەنیی تێکەڵ بە فۆسفۆری سپی بەکار هێنرابوو.
هەر لە ڕەوتی ئەو هێرشە تاوانکارییانەی ڕێژیم بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی هەینی ٢٦ی پووشپەڕ بەهۆی هێرشی مووشەکییەوە، بەداخەوە ١٠ پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران شەهید بوون.