کاک حەسەن شەرەفی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وتووێژ لەگەڵ دەنگی فارسیی ئەمریکادا ڕایگەیاند کۆماری ئیسلامی بۆ هێرشکردنە سەر بنکە و بارەگا و کەمپە مەدەنییەکانی حیزبی دێموکرات لە هەرێمی کوردستان پێویستی بە بیانوو نییە، چونکە ئەو بیانووەی بۆ هێرشکردنە سەر کورد هەموو کاتێک بەدەستەوەیە؛ هۆکارەکەشی ئەوەیە لە بنەڕەتەوە دژی هەر چەشنە ماف و داوا و ئازادییەکی دێموکراتیکی کورد و حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانە.
ئەندامی دەستەی کارگێڕی ڕوونی کردەوە کورد باج و تێچووی پێگەیشتوویی سیاسی و خەباتگێڕیی خۆی دەدا، وەک چۆن لە بەردی بناغەی دامەزرانی کۆماری ئیسلامییەوە بەو ناسینەی لە ڕێبەرانی رێژیم و فەلسەفەی وجوودیی کۆماری ئیسلامی هەیبوو، دەنگی بەو ڕێژیمە نەدا و لە هەموو ماوەی تەمەنی ئەم ڕێژیمەدا بەرگریی لە مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی کردووە. بەڕێزیان بە ئاماژە بە شەهیدبوونی ٦ پێشمەرگەی حیزب لە پیرانشار لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وتی خەباتی کورد بۆ مافەکانی بە شەهیدبوونی ڕۆڵەکانی تووشی نسکۆ و ڕاوەستان نابیت، وەک چۆن بە درێژایی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامی ئەم بزووتنەوەیە خوێنی لەبەر ڕۆیشتووە؛ کەچی لەهەر بارودۆخێکدا و بە هەر شێوەیەک بۆی لوابێ لە خەبات و خۆڕاگریی خۆی بەپێی شێواز و هەلومەرجی کردەیی بەردەوام بووە و بەردەوامیش دەبێت.
کاک حەسەن شەرەفی لە وتووێژێکی دیکەدا لەگەڵ "ڕادیۆ فەردا" بە ئاماژە بە هۆکاری بەردەوامیی هێرشە دڕۆنی و مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکە و بارەگا و کەمپە مەدەنییەکانی حیزب لە هەرێم کوردستان ڕایگەیاند کۆماری ئیسلامی هەر لە دەستپێکی شەڕی ٣٩ ڕۆژەوە لەوە دەترسا جگە لە بەرەی شەڕی ئاسمانی لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کوردەکانیش ئەمە وەک دەرفەت بقۆزنەوە و لەو بارودۆخەدا بەرەیەکی نوێی شەڕ لە کوردستان دژی ڕێژیم بکەنەوە. ئێستاش کە ڕێژیم دوای ڕاگیرانی شەڕ و ئیمزاکردنی لیکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا شەڕ دژی حیزبە کوردییەکانی ڕانەگرتووە، هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ڕیوایەت و گێڕانەوەی سەرکەوتنی ساختە لەو شەڕە دەرخواردنی لایەنگرانی بدا.
ئەندامی دەستەی کارگێڕی لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە حیزبی دێموکرات خەباتێکی چەکداریی بەربڵاویان دژی کۆماری ئیسلامی نییە، بەڵام ئەدی بۆ لەو ئاستە بەرفراوانەدا هێرشی مووشکیی دەکرێتە سەر؛ وتی: ڕاستە حیزبی دێموکرات خەباتی چەکداری و مەیدانیی پێشمەرگانەی لە ئاستی بەربڵاودا نییە، بەڵام خەباتی میدیایی و ڕاگەیاندن، خەباتی دیپلۆماسی و پێوەندییەکانی لەگەڵ دنیای دەرەوە و هەروەها بەرنامە و ڕێکخستنەکانی حیزب لە نێوخۆی کوردستان پڕۆژەیەکی بەرهەمداری سیاسییە کە کۆماری ئیسلامی بە ترس و نیگەرانییەوە لێی دەڕوانیت؛ بۆیە بەمجۆرە بەرەوڕووی دەبێتەوە. بەتایبەت کە مێژووی حیزبی دێموکرات پێمان دەڵێ ئەم حیزبە لە هەر بارودۆخێکدا توانیویەتی شێوەی خەبات و بەربەرەکانێی خۆی دژی کۆماری ئیسلامی بەپێی هەلومەرج و بارودۆخی سیاسیی کوردستان و ئێران و ناوچە بە باشترین شێوە دیاری بکات.