بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، هەرکام لە هاونیشتمانیان نێدا دەدەجانی و ستایش سەرابی خەڵکی قوروە، سەجاد حائیری خەڵکی ئیلام و یوونس نەبیزادە خەڵکی ورمێ لەلایەن هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیمەوە هاوکات چەندین سزای قورسیان بەسەردا سەپێندراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕیکخراوی مافی مرۆیی "هەنگاو"، سزای دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکرانی سەجاد حائیری، نووسەر، دەرهێنەر و مامۆستای زمانی کوردی و خەڵکی ئیلام کە پێشتر بەسەریدا سەپابوو، لەلایەن بەناو دادگای پێداچوونەوەی ڕێژیم لە تاران وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.
هەنگاو لەوبارەوە نووسیویەتی: "سەجاد حائیری پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە شاری دەماوەند (پارێزگای تاران) بە تۆمەتەکانی "چالاکیی بانگەشەیی دژی نیزام" و "تێکدانی بیروڕای گشتی لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی درۆ و دەلەسە" بەگشتی سزای دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو".
ئەم مامۆستای زمانی کوردییە سەرەتا لە ڕێکەوتی ٢١ی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا و دوای تێپەڕاندنی لێپرسینەوە، لە ٣٠ی پووشپەڕ، بە بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرا؛ بەڵام دووبارە لە ڕێکەوتی ١٢ی گەلاوێژ، دوای سەپاندنی تۆمەتی نوێ، بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا.
هەنگاو هەروەها لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا باسی لە چارەنووسی دوو ژنە بەندکراوی کورد بە ناوەکانی نێدا دەدەجانی و ستایش سەرابی خەڵکی قوروە کردووە کە سزای بەندکران، لێدان به قامچی و دوورخستنەوەیان بەسەردا سەپەندراوە.
نێدا دەدەجانی و ستایش (بێهنووش) سەرابی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی قوروە و لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیمەوە بە کۆی گشتی شەش ساڵ بەندکران، چوار ساڵ دوورخستنەوە بۆ نیکشاری سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان و لێدانی ٦٢ قامچی سزا دراون.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، یوونس نەبیزادە، هاوڵاتیی تەمەن ۳۷ ساڵان و خەڵکی ورمێ کە لە هاونیشتمانییانی چالاک لە کاتی شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی" بووە، لەلایەن هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیمەوە، سزای ۱۰ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو ڕێکخراوە، ئەم سزایه لە کاتێکدا دەرچووە کە ناوبراو پێشتر لە ژێر توندترین ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕووحیدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ دژی خۆی کرابوو.