کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا هەڕەشەی حوسییەکان لە عەرەبستانی مەحکووم کرد

10:21 - 31 پووشپەڕ 2726

لە دوای هەڕەشەی گرووپی تێرۆریستیی حوسییەکانی یەمەن لە عەرەبستان لەمەڕ داخستنی ڕێڕەوی ئاویی نێونەتەوەیی گەرووی بابەلمەندەب و دەریای سوور بە ڕووی کەشتییە بازرگانییەکانی ئەو وڵاتە، بریتانیا بەتوندی هەڕەشەی ئەو گرووپەی مەحکووم کرد و لەو پێوەندییەدا پشتیوانیی تەواوی وڵاتەکەی لە عەرەبستان دەربڕی.

دوێنی سێشەممە ٣٠ی پووشپەڕ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند: "ئەو هەوڵانە بزوێنەری شەڕن و مەترسیی بەرزبوونەوەی ئاستی ناسەقامگیریی ناوچەکە، مەترسی بۆ سەر ئازادیی کەشتیوانی لە دەریای سوور و لاوازکردنی هەوڵەکان بۆ جێگیرکردنی سەقامگیری و ئاشتییە لە یەمەن".

لەو بەیاننامەدا هاتووە کە "لێبڕاوانە لەپاڵ عەرەبستان و هاوپشکەکانمان لە ناوچەکە لە بەرانبەر ئەو هەڕەشانەدا ڕاوەستاوین".

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا هۆشداریی بە حوسییەکانی یەمەن دا و ڕایگەیاند: "بە زووترین کات هەوڵە شەڕەنگێزییەکانتان ڕابگرن و کۆتایی بەو کێشەیە بێنن".

هەروەها بریتانیا لەسەر پشتیوانیی تەواوی خۆی لە عەرەبستان پێداگری کردەوە.

ئەو هەوڵانە لە کاتێکدایە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی بە گرووپی تێرۆریستیی حوسیەکانی ڕاگەیاندبوو کە بۆ بەستنی دەریای سوور و گەرووی بابەلمەندەب بە ڕووی کەشتییە بازرگانییەکی عەرەبستان و چەند وڵاتێکی دیکەی کەنداودا ئامادە بێت.

ڕێژیمی تاران دەیهەوێت بە بەستنی گەرووی هۆرمۆز و بابەلمەندەب لەلایەن تێرۆریستانی سپای پاسداران و حوسییەکانەوە گوشاری زیاتر بخاتە سەر ئەمریکا، وڵاتانی ئورووپایی و کەنداو.