کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوکاریی بریتانیا و بولغارستان لەگەڵ ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران

10:39 - 31 پووشپەڕ 2726

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "بلومبێرگ"، ئەندی بێرنهام، سەرۆکوەزیرانی نوێی بریتانیا، لەسەر بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لەلایەن ئەمریکاوە بۆ ئه‌نجامدانی هێرشی بەرگریکارانە دژ بە ئێران ڕەزامەندیی دەربڕیوە.

بەپێی ئەم بڕیارە، بنکەی دەریایی "دیێگۆ گارسیا" لە ئۆقیانوسی هێند و بنکەی ئاسمانیی "ڕاف فێرفۆرد" لە ئینگلیس بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی و پاراستنی ئەمنییەتی گەرووی هۆرمۆز دەخرێنە خزمەت فڕۆکەکانی ئەمریکا.

هاوکات، کۆمیتەی بەرگریی پارلەمانی بولغارستان بە شێوەیەکی کاتی ڕەزامەندیی لەسەر جێگیرکردنی ٨ فڕۆکەی سووتەمەنی‌بەر و ٢٥٠ سەربازی ئامەریکا لە بنکەی ئاسمانیی "بزمێر" بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆپەراسیۆنەکانی واشنگتۆن لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەربڕی.

ئەم بڕیارەی بولغارستان کاردانەوەی توندی تارانى لێکەوتەوە؛ ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، هۆشداریی دا بە سۆفیا کە بەکارهێنانی خاکی ئەو وڵاتە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بە بەشداربوون لە تاوانی دەستدرێژیکاری ئەژمار دەکرێت.

ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدا بڵاو کراوەتەوە کە ئەمریکا لە حەفتەکانی ڕابردوودا ئامادەیی و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی خۆی لە ناوچەکەدا زیاد کردووە و هێرشەکانی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی چڕتر کردووەتەوە.