پێت هێگسێت، وەزیری شەڕی ئەمریکا، هۆشداریی دایە کۆماری ئیسلامیی ئێران و جەختی کردەوە کە ئەگەر جارێکی دیکە کەشتییە بازرگانییەکان بکەنە ئامانج، ڕووبەڕووی وڵامێکی ۱۰ قات توندتر لەلایەن واشنگتۆنەوە دەبنەوە.
هێگسێت ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی پووشپەڕ، لە پەراوێزی دیدارەکەی دۆناڵد ترامپ و جوزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان، ئاماژەی بەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی لە ٤٧ ساڵی ڕابردوودا بە بەردەوامی هەوڵی زیادکردنی توانای سەربازیی داوە.
هێگسێت ئەو ڕەوتەی هاوشێوەی ئەزموونی کورەی باکوور بۆ دەستگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی ناو برد، بەڵام جەختی کردەوە کە ترامپ لە بەرانبەر ئەم ڕەوتەدا وەستاوەتەوە.
وەزیری شەڕی ئامەریکا دەرفەتەکانی واشنگتۆنی بۆ گفتوگۆ سەبارەت بە ئەمنییەتی گەرووی هۆرمۆز بە بیر هێنایەوە و وتی: "ئەگەر بیانهەوێت تەقە لە کەشتییە بازرگانییەکان بکەن، ۱۰ قات توندتر وڵامیان دەدەینەوە."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە هێزەکانی ئەمریکا هەموو شەوێک خەریکی لاوازکردنی توانای سەربازیی ئێرانن.
لە کۆتاییدا هێگسێت ڕایگەیاند کە بڕیاری دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لە دەستی تاراندایە؛ ئەگەر گفتوگۆیان بوێت دەرفەت هەیە، ئەگەر نا "دەبێت ڕووبەڕووی وەزارەتی شەڕی ئەمریکا ببنەوە"، چونکە هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا بۆ هەر دوو ڕێگەی دیپلۆماسی و سەربازی ئامادەیی تەواویان هەیە.