حوکمی لەسێدارەدانی مێهدی خانەکی، دانیشتووی کەرەج کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا دەسبەسەر کرابوو، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە ٣١ی پووشپەڕی ١٤٠٥ لە زیندانی قزڵحەساری کەرەج جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "میزان"ی سەر بە دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم، مێهدی خانەکی لە ٢١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی فەرماندەیی ئینتزامیی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرابوو.
دادگای ئینقلابی ڕێژیم لەسەر بنەمای تۆمەتە ئەمنییەتییەکانی وەک "کردەوەی ئۆپەراسیۆنی بە قازانجی وڵاتانی دوژمن (ئەمریکا و ئیسرائیل)"، "ئەندامەتی لە لایەنەکانی دژبەری نیزام" و "ڕاگرتنی چەک و کەرەستەی تەقینەوە"، حوکمی لەسێدارەدان و دەسبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکی بۆ دەرکردبوو.
دەنگوباسی دەسبەسەرکردن و دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان بۆ ئەم لاوە پێشتر ڕانەگەیەندرابوو و جێبەجێکردنی خێرای حوکمەکەی بەبێ ڕەچاوکردنی ڕەوتی دادپەروەرانەی دادگاییکردن و بێبەشکردنی لە مافی بەرگریکردن ئەنجام دراوە.