کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی ئێران ٣٧.٥ میلیارد دۆلار تێچووی بۆ ئەمریکا هەبووە

12:03 - 31 پووشپەڕ 2726

پێت هێگسێت، وەزیری شەڕی ئەمریکا لە دانیشتنێکی کۆمیتەی تەرخانکردنی بودجەی سێنای ئەمریکادا ڕایگەیاند، شەڕ لەگەڵ ئێران لە سەرەتای دەستپێکردنیەوە تا ئێستا نزیکەی ٣٧.٥ میلیارد دۆلار تێچووی بۆ واشنگتۆن هەبووە؛ ئامارێک کە بەراورد بە خەمڵاندنەکانی پێشووی پێنتاگۆن ٨.٥ میلیارد دۆلار زیادی کردووە.

هێگسێت ئاماژەی بەوە کرد بۆ بەردەوامیی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان و پڕکردنەوەی کۆگاکانی چەک، داوای ٨٧.٦ میلیارد دۆلار بودجەی نائاسایییان لە کۆنگرە کردووە کە ٦٧ میلیارد دۆلاری بۆ وەزارەتی شەڕ دەبێت.

ئەم داوایە ڕەخنەی توندی سێناتۆرە دێموکراتەکانی لێ کەوتەوە و و دەوڵەتی ترامپیان بە هەوڵدان بۆ دەورلێدانی ڕێکارە ئاساییەکانی کۆنگرە تۆمەتبار کرد.

وەزیری شەڕی ئەمریکا جەختیشی کردەوە کە هێرشەکانی واشنگتۆن ئێرانیان خستووەتە "لاوازترین دۆخی خۆی"، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە تاران هێشتا بەشێک لە توانای سەربازیی خۆی لە دامەزراوە ژێر زەوییەکاندا پاراستووە.