بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، دۆخی تەندروستیی بەندکراوانی بەندیخانەی دەستگردی ئێسفەهان بە ڕادەیەکی بەرچاو لە مەترسیدایە و چەند نەخۆشیی جۆراوجۆر لەوانەش نەخۆشیی چڵکی تێدا بڵاو بووەتەوە و بەهۆیەوە چەند بەندکراوێک گیانیان لە دەست داوە.
چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخی بەندیخانەکانی ئێران ڕایانگەیاندووە کە شەوی دووشەممە ٢٩ی پووشپەڕ لە بەندیخانەی دەستگردی ئێسفەهان بەهۆی نەخۆشیی هەوکردنەوە گیانیان لەدەست داوە و بەرپرسانی ئەو بەندیخانە هەر ئەو شەوە و بەبێ ئاگادارییەک بۆ ڕای گشتی و بەنهێنیی تەرمەکانیان بردوونەتە دەرەوەی بەندیخانە.
هەتا بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە ئاماری گیانیانلەدەستداوان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
ئەو زانیارییانە باس لەوە دەکەن کە دۆخی تەندروستیی بەندیخانە بۆ باوەڕپێکردن نابێت و زۆربەی بەندکراوان تووشی نەخۆشیی چڵکی کۆئەندامی هەناسەدان، سینە و ڕیخۆڵە بوون.
بەرپرسانی بەندیخانە بەندکراوانیان لە مافی پێڕاگەیشتنی پزیشکی و دەوا و دەرمان بێبەری کردووە.
بە وتەی چەند شایەتحاڵێک، هەتا ئێستا ٤٠ بەندکراوی نەخۆش بەمەبەستی پێڕاگەیشتنی پزیشکی ناویان تۆمار کردووە، بەڵام بەرپرسان پێیان ڕاگەیاندوون کە تەنیا لە حەفتەیەکدا دوو کەس ئەتوانن سەردانی پزیشک بکەن.
هەروەها ئەو بەندکراوانە باسیان لەوە کردووە کە "نانی بەندیخانە زۆر کەمە و لە بواری چۆنایەتیشەوە بۆ خواردن نابێت".
شایانی باسە لە ڕێکەوتی ١٦ی پووشپەڕیشدا کۆمەڵێک لە بەندکراوانی سیاسیی بەندی ٦ی ئەو بەندیخانەیە لەمەڕ کەمیی ئاو، پچڕانی کارەبا، نەبوونی کەرەستەی فێنکەرەوە و نەکردنەوەی حەمامەکان ناڕەزایەتییان دەربڕی.
دۆخی مەترسیداری بەندکراوانی ئەو بەندیخانەیە نیگەرانیی جیددیی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان و بنەماڵەکانیانی لێکەوتووەتەوە.
ئەو دۆخە تەنیا تایبەت بە بەندیخانەی دەستگردی ئیسفەهان نییە و زۆربەی بەندیخانەکانی ئێران ئەو کێشانە و دەیان کێشەی دیکەیان هەیە و سەرەڕای هۆشداریی جیددیی ڕێکخراوە مافی مرۆییە نێوخۆیی و جیهانییەکان، بەرپرسانی ڕێژیم هەتا ئێستا لەو بارەوە هەنگاوی ئەرێنییان هەڵ نەهێناوەتەوە.