کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرژی لە نەتەوە یەکگرتووەکان؛ باڵیۆزی ئەمریکا بە توندی هێرشی کردە سەر نوێنەری ڕێژیم

10:08 - 12 پووشپەڕ 2726

مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی پێنجشەممە لە چوارچێوەی کۆبوونەوەیەکی پڕ لە گرژیی شۆرای ئەمنییەتدا، بە توندی ڕووبەڕووی نوێنەری ڕێژیمی ئێران بووەوە و ڕەخنەی لێگرت.

ئەم گرژییە دوای ئەوە سەری هەڵدا کە عەبدولەتیف ئەلزیانی، وەزیری کاروباری دەرەوەی بەحرەین، ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە بە ئەنقەست دامەزراوە مەدەنییەکان، ژێرخانەکان و ناوچە نیشتەجێبووەکانی کردووەتە ئامانج.

لە بەرانبەردا، ئەمیرسەعید ئیرەوانی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم تۆمەتانەی بە بێ‌بنەما وەسف کرد و واشنگتۆن و هاوپەیمانەکانی بەوە تۆمەتبار کرد کە دەیانەوێت تاران لە شۆرای ئەمنییەتدا بێدەنگ بکەن.

واڵتز دەستبەجێ و لە وڵامێکی تونددا ڕایگەیاند: "با بەبیرتی بهێنمەوە کە لە کوێیت! ئێرە تاران نییە، ئێرە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە و شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکانە. تۆ ناتوانیت ئەم ناوەندە بێدەنگ بکەیت."

باڵیۆزی ئەمریکا دوای ئەم لێدوانە، چەندین وێنەی لە بەڵگەکانی زیانگەیشتن بە بەحرەین بەرز کردەوە.

باڵیۆزی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە ئەم وێنانە ڕاستیی ڕووداوەکان دەسەلمێنن و نیشاندەری درۆبوونی ئیدیعاکانی ئێرانن.

ناوبراو لە کۆتاییدا ڕایگەیاند کە شۆرای ئەمنییەت ڕێک بۆ مەحکوومکردنی ئەم دووڕووییەی کۆماری ئیسلامی کۆبووەتەوە و ئەو بەڵگانە بە هیچ شێوەیەک درۆ نین.