کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە ۷۰ خۆپیشاندەر لە بەندیخانەی ئێسفەهان حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا

18:09 - 31 پووشپەڕ 2726

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند زیاتر لە ۷۰ کەس لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئێسفەهان حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ۲۶ کەس لەو کەسانە بۆ ئەگەری جێبەجێکردنی حوکمەکەیان ڕەوانەی ژوورە تاکەکەسییەکان کراون.

ئەم ڕێکخراوەیە زیادی کرد لە نێوان ۳۱ بەندکراو کە شوناسیان پشتڕاست کراوەتەوە، لانیکەم سێ کەسیان خەڵکی ئه‌فغانستانن و یەکێکیان لە کاتی سەپاندنی تۆمەتەکەی تەمەنی لە ۱۸ ساڵ کەمتر بووە.

هەروەها زیندانییانی دوو بەندی بەندیخانەی ناوەندیی ئێسفەهان لە ناڕەزایەتی بەرانبەر ئەگەری جێبەجێکردنی حوکمەکانی لەسێدارەدان مانیان لە خواردن گرت، بەڵام ئەم مانگرتنە دوای گوشاری بەرپرسانی بەندیخانە کۆتایی پێ هات.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ۲۸ی ڕەشەمەی ۱۴۰۴ تا ئێستا لانیکەم، ۲۴ خۆپیشاندەر لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی بەفرانبارەوە لە سێدارە دراون کە پێنج کەسیان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئێسفەهان لە سێدارە دراون.