کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆرای هاواهەنگیی مامۆستایان داوای ڕاگرتنی حوکمەکانی لەسێدارەدانی کرد

18:12 - 31 پووشپەڕ 2726

شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە پێشەیییەکانی مامۆستایانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، جێبەجێکردنی حوکمەکانی لەسێدارەدانی مەحکووم کرد و داوای هەڵپەساردنی دەستبەجێی سەرجەم حوکمەکانی لەسێدارەدان، دەستەبەرکردنی دادگایی دادپەروەرانە و کۆتاییهێنان بە ڕووبەڕووبوونەوە ئەمنییەتییەکان لەگەڵ چالاکوانی سیاسی و مەدەنیی کرد.

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە مافی ژیان لە سەرەکیترین مافەکانی مرۆڤە و سزای لەسێدارەدان، بەبێ ڕەچاوکردنی جۆری تۆمەتەکە، لەگەڵ کەرامەتی مرۆیی و بنەماکانی مافی مرۆڤدا لە دژایەتیدایە.

ئەم شۆرایە هەروەها بە پشتیوانیکردن لە هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" و مانگرتن لە خواردنی زیندانییانی بەشی دووی زیندانی قزڵحسار، لەجیاتی لەسێدارەدان داوای گۆڕینەوەی سزاکان بۆ چاکسازی کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی چالاکوانی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە ساڵی ۱۴۰۴دا لانیکەم ۲ هەزار و ۴۸۸ کەس لەسێدارە دراون.

هاوکات، شەپۆلێکی نوێ لە جێبەجێکردنی حوکمەکانی لەسێدارەدان لە ئێران بەردەوامە و نزیکەی هزار و ۵۰۰ بەندکراوی مەحکووم بە لەسێدارەدان لە بەشی دووی زیندانی قزڵحسار لە ناڕەزایەتی بەرانبەر ئەم ڕەوتە دەستیان کردووە بە مانگرتن لە خواردن.