کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مارکۆ ڕوبیۆ: کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرچاوەی سەرەکیی نائارامییەکانی ناوچەکەیە

18:14 - 31 پووشپەڕ 2726

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی "ئا سێ ئان" لە مانیل ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرچاوەی سەرەکیی قەیرانەکان و هەڕەشەی حوسییەکان لە دەریای سوورە.

ڕۆبیۆ ئاماژەی بەوەش کرد تاران لەبری خەرجکردنی سامانەکەی بۆ خەڵکی ئێران، هاوکاریی دارایی و سەربازیی گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە دەکات؛ لەوانەش حوسییەکان، حیزبوڵڵا، حەماس و میلیشیاکانی عێراق.

ناوبراو جەختی کردەوە کە ئەمریکا هەرگیز ئێرانێکی دەستگەیشتوو بە چەکی ئەتۆمی قەبووڵ ناکات و خوازیاری ڕێگەچارەی دیپلۆماسییە بۆ ئەوەی تاران بۆ هەمیشە لە چەکی ئەتۆمی و پشتیوانیکردنی تێرۆریزم دوور بکەوێتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران لە دانوستاندا جیددی نییە و تێگەیشتننامە ئەمنییەتییەکانی پێشێل کردووە.

سەبارەت بە گەرووی هۆرمۆز، ڕۆبیۆ ڕایگەیاند واشنگتۆن هیچ سەروەرییەک بۆ ئێران بەسەر ئاوڕێیە نێودەوڵەتییەکاندا بە ڕەوا نابێنێت.

بەهۆی هێرشەکانی سپای پاسدارانەوە، هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هۆرمۆز بۆ سێ کەشتی لە ڕۆژێکدا کەمی کردووە و نرخی نەوتی برێنت گەیشتووەتە ٩٤ دۆلار.

ڕوبیۆ وتیشی دۆناڵد ترامپ چەندین بژاردەی لەبەر دەستدا هەیە و زیادکردنی ئێران بۆ یاسای سزاکانی ڕووسیە وەک ئامرازێکی ئابووری سەیر دەکرێت.